لە هەولێر 39 هەزار پارچە زەوی فەرمانبەران تاپۆ دەکرێن
2 کاتژمێر پێش ئێستا
142 جار خوێنراوەتەوە
شارەوانی هەولێر مژدە دەداتە ئەو فەرمانبەرانەی زەوویان وەرگرتووە، كە دەتوانن دەست بە ڕێكارەكانی تاپۆكردنی بكەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرد و تاکو ئێستا بەردەوامە و دەیان هەزار پارچە زەوی دابەش کراون، لە بەشێک لە ناوچەکانیش ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، رایگەیاند؛ ئەو فەرمانبەرانەی زەوییەکانیان دەکەوێتە سنووری شارەوانی هەولێر، دەتوانن سەردانیان بکەن بۆ ئەوەی وێنەی تۆماری زەوییەکان (تاپۆ) بەناوی خۆیان بکەن.
لە سنووری پارێزگای هەولێر 39 هەزار پارچە زەوی بە چەند قۆناغێک دابەشکراوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە دوو قۆناغ 20 هەزار پارچە زەوی دابەش کراون و ئامادەکاری بۆ قۆناغی سێیەمی پڕۆسەکە دەکرێت. لە پارێزگای دهۆک تاکو ئێستا 6 هەزار پارچە زەوی دابەش کراون و پڕۆسەکەش بەردەوامە و 5 هەزار پارچە زەوی دیکە دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت.
لە پارێزگای هەڵەبجە، تاکو ئێستا پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەڵەبجە دەستی پێ نەکردووە، بەڵام ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا زەوی بەسەر 558 مامۆستا و فەرمانبەردا دابەش بکرێت، لە زاخۆ لە قۆناغی یەکەمدا 4,747 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە. بۆ قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە ناوی نزیکەی 13 هەزار کەسی دیکە گەڕاوەتەوە کە شایستەی وەرگرتنی زەوین، بەڵام تاکو ئێستا رێکارەکانی دابەشکردنی ئەو قۆناغە بە فەرمی دەستی پێنەکردووە.
لە گەرمیان، کۆی پڕۆسەکە 25,920 پارچە زەوییە؛ تاوەکو ئێستا پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستی پێ نەکردووە، بەڵام ئامادەکاری دەکرێت و پڕۆسەی گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ نیشتەجێبوون و نەخشەسازی بۆیان دەستی پێکردووە و کار بۆ قەرەبووکردنەوەی جووتیاران دەکرێت.
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی لە شارۆچکەی رواندز دەستی پێکرد و 500 پارچە زەوی دابەش کرا، ئامادەکاریش بۆ قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە دەکرێت
|