دادگاییکردنی بەشار ئەسەد بێ ئامادەبوونی خۆی لە دیمەشق دەستیپێکرد
3 کاتژمێر پێش ئێستا
270 جار خوێنراوەتەوە
رۆژی یەکشەممە، یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەکارلادراوی سووریا و ماهیر ئەسەدی برای بەبێ ئامادەبوونی خۆیان، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەسەڵاتی پێشوو بەڕێوەچوو. یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانەش عاتف نەجیب، بەرپرسی پێشووی ئەمنی بوو، کە لە دادگاکەدا ئامادە بوو.
سەرچاوەیەکی دادوەری کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی دادپەروەریی راگوزەر، سەرەتایێکە بۆ ئامادەکاریی دادگاییکردنی تاوانبار بەشار ئەسەد و ماهیر ئەسەدی برای بە غیابی. هەروەها بۆ دادگاییکردنی چەندین بەرپرسی ئەمنی و سەربازی بە ئامادەبوونی خۆیان، کە یەکەمیان تاوانبار عاتف نەجیبە." ئەو بەرپرسە لە کانوونی دووەمی 2025 دەستگیر کراوە.
نەجیب بە دەستبەستراوی بردرایە نێو هۆڵی دادگە لە دیمەشق. ئەو خزمێکی نزیکی بەشار ئەسەدە و پێشتر سەرۆکی لقی ئاسایشی سیاسی بووە لە پارێزگای دەرعا لە باشووری وڵاتەکە. ساڵی 2011 لەو پارێزگەیە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دەستیانپێکرد. عاتف نەجیب بە بەرپرسیاری یەکەم دادەنرێت لە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی بەرفراوانی خەڵک لەو پارێزگایەدا.
فەخرەدین عوریان، دادوەری دادگای تاوانەکان لە دەستپێكی دانیشتنەکەدا گوتی: "ئەمڕۆ دەست بە دانیشتنەکانی سەرەتای دادپەروەریی راگوزەر دەکەین لە سووریا، کە تاوانبارێکی دەستگیرکراو لەنێو قەفەزی تاوانباراندا لەخۆدەگرێت، لەگەڵ تاوانبارانی هەڵاتوو لە یاسا."
دواتر ناوی چەندین بەرپرسی دیکەی دەسەڵاتی پێشووی خوێندەوە، لە سەرووی هەموویانەوە بەشار ئەسەد و ماهیر ئەسەد بوون کە بڕیارە بێ ئامادەبوونی خۆیان دادگایی بکرێن.
بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 بۆ رووسیا هەڵات، ئەوەش راستەوخۆ دوای گەیشتنی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی دەستەی تەحریری شام بۆ دیمەشق. بەمەش کۆتایی بە زیاتر لە نیو سەدە حوکمڕانیی خێزانەکەی هێنا لە سووریا.
لە دانیشتنەکەی رۆژی یەکشەممەدا، دادوەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ عاتف نەجیب نەکرد و رایگەیاند، دانیشتنەکە تەنیا بۆ "رێکارە کارگێڕیی و یاساییەکانی تایبەت بە ئامادەکارییە" و راشیگەیاند کە دانیشتنی دووەمی دادگاییکردنەکە لە 10ی ئایار بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوە دادوەرییەکە جەختی لەوەش کردەوە کە دادگاییکردنە ئامادەییەکان هەریەک لە وەسیم ئەسەد، خزمی بەشار ئەسەد؛ بەدرەدین حەسوون، موفتیی پێشوو و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی دیکە دەگرێتەوە. ئەوانە لە مانگەکانی رابردوودا لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێی سووریاوە دەستگیرکراون و بە تۆمەتی تاوانی قورس دژی سوورییەکان دادگایی دەکرێن.
بەپێی یاسای سووریا، دادگاییکردنی بێ ئامادەبوون، رێگە بە دادگای تاوانەکان دەدات رێکارەکانی بەدواداچوون بۆ تاوانبارانی هەڵاتوو جێبەجێ بکات. ئەگەر ئامادە نەبن، دادگا دەتوانێت بڕیار لەسەر تۆمەتەکان و قەرەبووکردنەوەی کەسیی بدات و لە کۆتاییدا سزای غیابییان بەسەردا بسەپێنێت.
چارەنووسی دەیان هەزار بێسەروشوێن و بەندکراو لە سووریا، لەگەڵ ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە بڕوا وایە رژێمی پێشوو زیندانییەکانی تێدا شاردبێتەوە دوای ئەوەی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە، یەکێکە لە دیارترین کارەساتەکانی سووریا، دوای ململانێیەک کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی تێدا کوژرا.
ناڕەزایەتییەکانی دژی ئەسەد لە 15ی ئاداری 2011 لە دەرعا دەستیانپێکرد، ئەوەش دوای دەستگیرکردنی چەند منداڵێک کە دروشمی دژی سەرۆکی سووریایان لەسەر دیواری قوتابخانەکەیان نووسیبوو و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە دران.
دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان، عاتف نەجیب کە بە بەرپرسی سەرکوتکردنەکان دادەنرا، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. لە نیسانی 2011شدا، ئەمریکا بەهۆی "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ"ـەوە خستیە لیستی سزاکانەوە.
|