یەک ملیۆن لیتر نەوت بەسەر خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا دابەشدەکرێت

5   کاتژمێر پێش ئێستا  82 جار خوێنراوەتەوە

پرۆسەی دابەشکردنی یەک ملیۆن لیتر نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر 10 هەزار خێزانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا دەستیپێکرد، جێگری پارێزگاری سلێمانی-ش رایگەیاند: خزمەتەکانمان بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەردەوام دەبێت و هەوڵدەدەین لەمانگی پیرۆزی رەمەزانیشدا سفرە و خوانەکانیان پڕ بکەین.

شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی بە میدیای یەکێتیی راگەیاند: دوای ئەوەی داواکارییەکمان پێشکەشی وەزارەتی نەوتی عیراقکرد بۆ دابینکردنی بڕی یەک ملیۆن لیتر نەوت تا بەسەر خێزانە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا دابەشی بکەین، بەخۆشحاڵییەوە داواکارییەکەمان قبوڵکرا و ئەمڕۆ بڕی یەک ملیۆن لیتر نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر 10 هەزار خێزانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا دابەشدەکەین، کە بۆ هەر خێزانێک 100 لیتر نەوت دەبێت و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.

راشیگەیاند: خزمەتەکانمان بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لێرەدا کۆتایی نایەت و لەئێستادا لە مانگی پیرۆزی رەمەزان نزیکدەبینەوە، وەک پارێزگای سلێمانی هەموو هاوکارییەکی خێزانە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکەین و داواش لە سەرمایەدارانی سلێمانی دەکەین وەک هەمیشە هاوکارمان بن، تا بتوانین سفرە و خوانی ئەو خێزانانە پڕ بکەین.

هاوکات سامان حسێن سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سوپاسی جێگری پارێزگاری سلێمانی دەکەین بەدەنگ داواکارییەکەمانەوە هات و نەوتی بۆ دابینکردین، هاوکات سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیش دەکەم کە لەسەر ئەرکی خۆی پسووڵەی بۆ دروستکردوین.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە