سودانی بڕیاریدا پارهی كارهبا كۆبكرێتهوهو کەمتەرخەمی نەکرێت
4 کاتژمێر پێش ئێستا
178 جار خوێنراوەتەوە
محەمەد شیاع سودانی، سهرۆك وهزیرانی عێراق سهرپهرشتی كۆبونهوهیهكی تایبهت به كارهبای كرد و داوایكرد پێداچونەوە بە پلانەکانی وەزارەتی کارەبا بكرێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و دڵنیابون لە دابینکردنی وزەی کارەبا، هاوكات فهرمانیكرد پارهی كارهبا كۆبكرێتهوه.
دەقی راگەیەندراوەکە:
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، جەخت لەسەر گرنگی پێداچوونەوە بە پلانەکانی وەزارەتی کارەبا دەکاتەوە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و دڵنیابوون لە دابینکردنی وزەی کارەبا
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی بارەگای وەزارەتی کارەبای کرد لە بەغدادی پایتەخەت بۆ پێداچوونەوە بە ئامادەکارییە پێشوەختەکانی وەزارەتەکە بۆ دابینکردنی کارەبا لە وەرزی هاوینی داهاتوودا.
بەڕێزیان سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە وەزیری کارەبا بە وەکالەت و ژمارەیەک ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتەکەی لەخۆگرت و تێیدا پێداچوونەوە بە پلان و ئامادەکارییەکانی پەیوەست بە دابینکردنی کارەبا و گواستنەوە و دابەشکردن و چارەسەرکردنی جەنجاڵی لە تۆڕی نیشتمانی و پرسی کۆکردنەوەی پارەی کارەبا کرا.
بەڕێز سودانی جەختی لە ئەولەویەتەکانی کۆکردنەوە لە کەرتی کارەبا و ڕۆڵی لە عەقڵانیکردنی بەکارهێنان و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی وزە کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، کۆکردنەوە تەنها کۆکردنەوەی پارە نییە، بەڵکو دڵنیابوونە لە خزمەتگوزارییەکی بەردەوام و تەرخانکردنی داهاتەکانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی کارەبا.
بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی لەسەر کۆکردنەوەی داهات کرد بۆ باشترکردنی کاراییەکەی و پێویستە بەراوردکردنی ئامارەکانی داهاتی ئێستا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەخۆبگرێت، هەروەها وەزارەتەکەی ڕاسپارد بە بەردەوامی چاودێری و پێداچوونەوە بە پلان و ڕێکارە مەیدانییەکانی بکات بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری و دەستەبەرکردنی پێدانی کارەبای متمانەپێکراو بۆ هاوڵاتیان، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاوین.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
11ی شوباتی 2026
|