مەسرور بارزانی و سوودانی لیژنەیەک بۆ هێرشەکەی کۆرمۆر پێکدەهێنن
1 کاتژمێر پێش ئێستا
14 جار خوێنراوەتەوە
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و "بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق" ناوی دەبات.
شەوی چوارشەممە 26ـی مانگی 11، نزیک کاتژمێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ٧ڕۆژ ، نزیک کاتژمێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترڵکراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێگەیشت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ "بە تووندترین شێوە هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری سەرکۆنە و شەرمەزار کرد و بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراقی ناوبرد".
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "بڕیاردرا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش پێکبهێنرێت کە لە نزیکترین کاتدا، دەست بەکاربێت بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی هێرشبەران و بە سزا گەیاندنیان."
ئەو کێڵگەیەی هێرشی کراوەتەسەر، ناوەندی سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانە، بەوتەی ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بۆ رووداو، بەهۆی هێرشەکەوە نزیکەی 80%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان کوژاوەتەوە.
سەرچاوەیەک لە کۆرمۆر بە ٧ڕۆژی راگەیاند، هێرشی ئەمجارە زۆرترین زیانی بە کێڵگەکە گەیاندووە و بریارە تیمێکی سامانە سرووشتییەکان سەردانی کێڵگەکە بکەن.
|