یەكێتی: پێكهێنانی حكومەت بەبێ ئێمە فەشەل دەهێنێت
8 کاتژمێر پێش ئێستا
56 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی كوردستان ڕاگەیاند، بەبێ یەكێتی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكنایەت، ئەگەریش پێكبهێندرێت ئەوا فەشەل دەهێنێت و سەركەوتو نابێت، دەشڵێت، "یەكێتیی لە دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناترسێت، لە دو ساڵی رابردودا سێ هەڵبژاردن كراوە و سەركەوتمان بەدەستهێناوە".
كاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەكێتی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان دەرگای گفتوگۆیان كراوەیە بۆ ئەوەی بتوانن زو دانوستانەكان دەستپێ بكەنەوەو حكومەتێكی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستان دروست بكەین، بۆ ئەوەش پێویستیان بە سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی هەیە.
لەبارەی دەنگۆی دروستكردنی حكومەتی هەرێم بەبێ یەكێتی، وتەبێژەكە وتی، "بەبێ یەكێتیی حكومەتێكی سەركەوتو لە كوردستان پێكنایەت، ئەوەش لەبەر واقعی جوگرافی، مێژویی، دەنگ و كورسییەكان. لایەنەكانی تریش ئەم بابەتە زۆر باش دەزانن و پێكیشبهێندرێت فەشەل دەهێنێت".
لەبارەی دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، وتەبێژی یەكێتی ڕایگەیاند، "ئێمە لە دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناترسێت، لە دو ساڵی رابردودا سێ هەڵبژاردن كراوە، لە هەرسێ هەڵبژاردنەكەدا ركابەرەكانمان دەنگ و كورسییان كەمیكردوە".
ئەوە لەكاتێكدایە 20ی (تشرینی یەکەم/10)ی ساڵی رابردو، هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچو، كە لە كۆی 100 كورسی، پارتی 39 كورسی بەدەستهێنا و یەكێتی بە 23 كورسی دوەمی هەڵبژاردنەكە بو. بەڵام زیاتر لە ساڵێك تێپەڕیوە و هێشتا پەرلەمانی كوردستان دەستبەكار نەبوە و حكومەتی نوێ دروست نەكراوە.
|