گورزێکی دیکە بۆ بەرازیل، نەیمار تووشی پێکان بووەتەوە

4   کاتژمێر پێش ئێستا  56 جار خوێنراوەتەوە

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی بەرازیل ئاشکرایانکردووە، نەیمار داسێلڤای ئەستێرەی سانتۆس دووچاری پێکانبووەتەوە و بەشداری لە مەشقە بەکۆمەڵەکانی تیپەکەی نەکردووە، تەنیا لە نێو هۆڵی تایبەتی مەشقدا دەرکەوتووە.
 
نەیمار لە یاریی تیپەکەیەوە بەرامبەر میراسۆل، هەست بەئازاری ئەژنۆی چەپی دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا سرووشتی پێکانەکەی ئاشکرا نەکراوە.
 
تۆڕی 'گڵۆبۆ'ی بەرازیلی گوتویەتی، نەیمار هەست بەئازار دەکات و لە هەڵسووڕانی ئەژنۆیدا ئازاری هەیە.
 
فیوفودا، راهێنەری یانەی سانتۆس ئاشکرایکردووە بیر لەوە دەکاتەوە ئەمڕۆ نەیمار لە یاریی تیپەکەی بەرامبەر ئینتەرناسیۆنال بەشداریی پێنەکات، لەپێناو پاراستنی لە قووڵبوونەوەی پێکانەکەی.
 
سانتۆس تێدەکۆشێت بۆ خۆپاراستن لە دابەزین لە خولی بەرازیل و دەستەی هونەریی یانەکە هیواخوازن ئەو یاریزانە توانای بەشداری لە یاریی شەممەی داهاتوو بەرامبەر ریسیڤی هەبێت.
 
نەیمار بەر لە نوێترین پێکان، بەشداریی لە سێ یاریی بەسەریەکەوەی تیپەکەی بەرامبەر هەریەکە لە پاڵمێراس، فلامینگۆ و میراسۆل کردبووە.
 
سانتۆس پلەی شانزەی ریزبەندی خولی بەرازیلی گرتووە و 37 خاڵی هەیە. یانەکە مەترسیی دابەزین بۆ خولی پلە یەکی وڵاتی لەسەرە.
 
سەرهەڵدانەوەی ئازارەکانی ئەژنۆی نەیمار، جارێکی دیکە هەڕەشە لەسەر هەلی ئەو یاریزانە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026 دروستدەکات.
 
پێشتر کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل ئاشکرایکردبوو، "نەیمار لە لیستی بژاردەکانمدایە بۆ مۆندیال". بەڵام شەش مانگی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی تەواوی توانای جەستەیی خۆی بەدەست بهێنێتەوە لەپێناو دەرکەوتن لە پاڵەوانێتییەکە.
 
راهێنەری بەرازیل زیاتر گوتبووی، "نەیمار چاکبووەتەوە، بەڵام پێویستی بەباشبوونی توانای جەستەیی هەیە، دوای کۆتایی هاتنی خولی بەرازیل پشوو وەردەگرێت و دواتر دەبێت کاربکات بۆ ئەوەی کوالیتی و توانای خۆی بەدەست بهێنێتەوە".
 
نەیمار لە دوو ساڵی رابردوودا بەشداریی هیچ یارییەکی هەڵبژاردەی بەرازیلی نەکردووە، بەرازیلییەکان هیواخوازن وەک ئەستێرەی یەکەم توانای بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتووی هەبێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە