یەکێتی پۆستە ئیدارییەکان لە بزووتنەوەی گۆڕان وەردەگرێتەوە

3   کاتژمێر پێش ئێستا  53 جار خوێنراوەتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە نیازی وەرگرتنەوەی سەرجەم ئەو پۆستە ئیدارییانەیە کە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە لای بزووتنەوەی گۆڕانن، تەنانەت پۆستی پارێزگاری سلێمانیش دەگرێتەوە.

میدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاویکردەوە، قۆناغێکی نوێ لە گۆڕانکاریی ئیداری لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکردووە، یەکێتی لیژنەیەکی حکومیی تایبەتی پێکهێناوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستانەی پێشتر بە بزووتنەوەی گۆڕان درابوون، ئامانجی یەکێتی ئەوەیە هیچ پۆستێک لە دەستی گۆڕاندا نەهێڵێت.

بەپێی هەواڵی میدیای یەکێتی ، بزووتنەوەی گۆڕان نزیکەی 30 پۆستی لە دەستدابووە، تاوەکو ئێستا 10 پۆستیان لێ وەرگیراوەتەوە کە بەم شێوەیەن، پێنج بەڕێوەبەری گشتی، دوو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە.

هەروەها عەتا محەمەد، بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی لە سلێمانی رایگەیاندووە، "پڕۆسەی وەرگرتنەوەی پۆستەکان گشتگیرە و سەرجەم ئاستەکان دەگرێتەوە، بە پۆستی پارێزگاری سلێمانیشەوە".

عەبدولقادر ساڵح، راوێژکاری یاسایی روونیکردووەتەوە، "بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵوەشاوەتەوە، یەکێتی ناتوانێت لەوێوە متمانە وەربگرێتەوە، بۆیە پەنای بۆ ڕێکاری ئیداری بردووە".

گۆڕانکارییەکان لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە بە فەرمانی ئیداری جێبەجێ دەکرێن.
تا ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی ئەو هەوڵەی یەکێتیی نەداوەو بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە