كۆمپانیاكانی هەرێم هۆكاری دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتن
2025-09-06
188 جار خوێنراوەتەوە
باسم محەمەد خزەیر، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت دەڵێت: حکومەت هەموو ئاسانکاری و پێداویستییەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دابینکردووە، بەڵام کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان داواکاری زۆریان هەیە، ئەوەش بووەتە هۆی دواخستنی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت.
محەمەد خزەیر، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەری"الجبال" دووپاتیکردووەتەوە: لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و هەرێمی کوردستان دەگەینە رێككەوتن.
ئاماژەی بەوەشکردووە: گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت.
راشیگەیاندووە: حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوت هەموو ئاسانکاری و رێکارەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بەزووترین كات دابینکردووە، کۆمپانیاکانیشی بەهۆكاری دواخستنی پرۆسەكە ناوبردووەو وتویەتی: داواکاری و پابەندیی زۆر داوا دەكەن، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
|