دوای ڕوخانی دەسەڵاتی ئەسەد نزیكەی 11 هەزار كەس كوژراون
5 کاتژمێر پێش ئێستا
138 جار خوێنراوەتەوە
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، لە دوای ڕوخانەی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشوی سوریا لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوەوە، 10 هەزار و 672 کەس لە ناوچە جیاجیاكانی سوریا كوژراون.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە، تەنها نۆ مانگ بەسەر ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆر بەشار ئەسەددا تێپەڕیوە، بەڵام پێشێلکارییەکان و کوشتن لە زۆربەی پارێزگاکاندا باڵادەستن. لەم بۆشاییەدا، کەسانی بێهێز و گروپە چەکدارەکان دۆخەکەیان قۆستوەتەوە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی کەسی و تاڵانکردنی موڵکی گشتی.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ داڕمانی سیستەمەکەدا، کارە توندوتیژییەکان بە شێوەیەکی بێ وێنە زیادیکرد، چونکە وڵاتەکە شایەتی شەپۆلێک لە هێرشی چەکداری، تەقینەوە، کوشتنی هەڕەمەکی و لەسێدارەدانی مەیدانی بو لەسەر ناسنامە و تائیفی، جگە لە ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان لە گرتوخانە جۆراوجۆرەکاندا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ڕوداوەکانی کوشتن، هێرشی چەکداری جیاجیا بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و سەربازی، تەقینەوەی بۆمبی چێندراو، تۆپبارانی ئیسرائیل و تورکا لە ڕوداوەكانبونە كە بونەتە هۆی كوشتن، کە ئەوەش درێژەپێدەری بازنەی توندوتیژییە.
بەگوێرەی ئامارەكان، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کوشتن و شەهیدبونی 10 هەزار و 672 کەسی لە سەرانسەری سوریا تۆمارکردوە، لە ماوەی نێوان 8ی (کانونی یەکەم/12)ـی 2024 تا 6ی (ئەیلول/9)ـی 2025، بەهۆی بەردەوامبونی کارە توندوتیژییەکان و پێشێلکارییەکان لەلایەن لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە، جگە لە پشێوی ئەمنی بڵاوبوەوە.
ئەوەشیخستەڕو، لە نێو قوربانییەکاندا، هەشت هەزار و 180 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، کە 438 منداڵ و 620 ژنیان تێدایە، کە ئەوەش ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی و زیادبونی مەترسی لەسەر چینە لاوازەکانی کۆمەڵگا نیشان دەدات.
دەشڵێت، "یەکێک لە دیارترین سیماکانی ئەم قۆناغە کارەساتبارە زیادبونی لەسێدارەدانی مەیدانی و کوشتنە لەسەر ناسنامە، کە ڕوانگە سێ هەزار و 20 حاڵەتی تۆمارکردوە، بە شێوەیەک کە وەسف کراوە بە دڕندانە، زۆربەیان لە مانگی (ئازار/3)ـدا ئەنجامدراون کە تەنها لەو مانگەدا هەزار و 726 حاڵەتی لەناوبردن تۆمارکراوە".
بارودۆخی شەهیدبونی هاوڵاتیانی مەدەنی بەم شێوەیە بوە:
تەقەی هەڕەمەکی و پێکدادان: 364 کەس (265 پیاو، 29 ژن، 70 منداڵ).
جگە لەوانە: 28 کەس (21 پیاو، 2 ژن، 5 منداڵ).
لەلایەن گروپەکانی سوپای نیشتمانییەوە: 19 کەس (15 پیاو، 3 ژن، 1 منداڵ).
بارودۆخی نادیار: 1755 کەس (1732 پیاو، 10 ژن، 13 منداڵ).
خراپی گوزەرانی ژیان: 1 منداڵ.
ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو: 55 کەس (30 پیاو، 22 ژن، 3 منداڵ).
ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان: 56 پیاو.
ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی گروپەکانی سوپای نیشتمانی: 2 پیاو.
لەلایەن ڕێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی"ـەوە: 37 کەس (34 پیاو، 3 ژن).
بەهۆی تۆپبارانی ئیسرائیلەوە: 33 کەس (32 پیاو، 1 ژن).
بەهۆی تۆپبارانی تورکیاوە: 129 کەس (90 پیاو، 10 ژن، 29 منداڵ).
بەهۆی تەقەی پاسەوانی سنوری ئوردنەوە: 4 پیاو.
بەهۆی تەقەی جەندرمەی تورکیاوە: 7 کەس (6 پیاو، 1 منداڵ).
تەقینەوەی مین/بۆمبی چێندراو: 63 کەس (42 پیاو، 7 ژن، 14 منداڵ).
لەلایەن هەسەدە (هێزەکانی سوریای دیموکرات): 18 کەس (8 پیاو، 3 ژن، 7 منداڵ).
ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی قەسەدە: 1 پیاو.
تاوانەکانی کوشتن: 438 کەس (329 پیاو، 75 ژن، 34 منداڵ).
بەهۆی تەقەی کەسانی نەناسراوەوە: 659 کەس (602 پیاو، 31 ژن، 26 منداڵ).
تەقەی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان: 883 کەس (801 پیاو، 58 ژن، 24 منداڵ).
بەهۆی پاشماوەکانی جەنگەوە: 605 کەس (402 پیاو، 41 ژن، 162 منداڵ).
کۆمەڵکوژی لەسێدارەدانی مەیدانی: 3020 حاڵەتی کوشتن لەسەر ناسنامە و سەر بە هەر لایەنێک.
|