لە هەرێمی کوردستان یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر (د.خ ) دەکرێتەوە
9 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە؛ گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، ئەم ساڵ چالاکی هەمەجۆر دەکرێن و دوو ئاهەنگی "گەورە" لەم مانگەدا لە هەولێر ساز دەکرێن.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە ٧ڕۆژی راگەیاند، "لە ناوەندی شار ئاهەنگێکی گەورە ساز دەکرێت و چەندین سروودبێژی بەنێوبانگ بەشدار دەبن." وتیشی: "سەرجەم مزگەوتەکانی شاری هەولێر رازێندراونەتەوە و خواردن و شیرینی بێبەرامبەر دابەش دەکرێت."
نەبەز ئیسماعیل ئاشکرای کرد، نزیکەی 15 رۆژ دواتر و هەر لە مانگی مەولوود دا، ئاهەنگێکی گەورە لەسەر قەڵای هەولێر ساز دەکرێت.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف، وەزارەتەکەیان بە درێژایی ئەم مانگە 30 رۆژ چالاکییان لە هەموو کوردستان دەبێت.
هاوکات لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان مەراسیم و ئاهەنگی تایبەت بە مەولود بە بەشداری زۆرێک لە هاووڵاتیان بەڕێوەچوو.
پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) ناوی محەممەد كوڕی عەبدوڵڵای كوڕی عەبدولموتەڵیبە، رۆژی 22-4-571 زایینی، کە دەکاتە 12ـی رەبیعی یەکەمی کۆچی، لەدایكبووە، کۆتا پەیامبەرە كە نێردراوە.
|