دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی دوو تیرۆریست رادەگەیەنێت

2025-08-06  202 جار خوێنراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەشاری سلێمانی دوو تیرۆریستیان دەستگیرکرد، پیلانیان ئەنجامدانی تەقینەوە بوو لەیەکێک لەبنکەکانی بەرگری شارستانی.

لەڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ 7ROJنێردراوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، رایگەیاندووە: "بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وورد و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری، لەئەنجامی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان لەبارەی هەڕەشەکردن و تەقینەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکان، دەستبەجێ توانیان لەئەنجامی بەدواداچوونەکان شوێنی تیرۆریستان لەشاری سلێمانی دەستنیشان بکەن و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە رۆژی 22تا24ى6ى2025 دەستگیریان بکەن و یەکێک لەتیرۆریستەکان کارمەندی بنکەیەکی بەرگری شارستانی بووە".

"دوای دانپێدانان دەرکەوت تیرۆریستان بەنیازبوون لەپیلانی یەکەمدا ژەهر بکەنە ناو تانکی ئاوی خواردنەوەی یەکێک لە بنکەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی، لەپیلانی دووەمدا لەڕێگەی لکاندنی بۆمب بە ئۆتۆمبێلی بنکەکە تەقینەوە ئەنجام بدەن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەسەرکەوتوویی توانیان شکست بە پیلانی تیرۆریستان بهێنن و دەستگیریان بکەن" ، لەراگەیەنراوەکەدا هاتووە.

ئاماژەبەوەشدراوە: "لەئێستادا تیرۆریستان بەماددەى دووى تیرۆر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە