عەلی لاریجانی بووە سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران

23   کاتژمێر پێش ئێستا  34 جار خوێنراوەتەوە

عەلی لاریجانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ بە فەرمانێكی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران بە ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دیاریكرا، دوای چەندین ساڵ گەڕایەوە بۆ ئەو پۆستە.

میدیای فەرمی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویكردەوە، عەلی لاریجانی راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران بە فەرمانێكی سەرۆك كۆمار، كرایە ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی.

لاریجانی، پێشتر بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ، لەسەردەمی سەرۆكایەتیی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، (2005 بۆ 2013)ـدا ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بوو، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ سەرۆك كۆمار دەستی لەو پۆستە كێشایەوە.

بە وتەی خۆی، لە شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، پەیوەندی پێوەكراوە و 12 كاتژمێری پێدراوە بۆ ئەوەی وڵاتە بەجێبهێڵت، ئەگەر نا توشی هەمان چارەنوسی سەركردە كوژراوەكانی دیكەی وڵاتەكەی دەبێتەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە.

جموجوڵەكانی ئەمدواییەی عەلی لاریجانی، بەتایبەتیش سەفەرەكەی بۆ روسیا و دیداری لەگەڵ ڤلادیمیر پۆتن، سەرۆكی ئەو وڵاتە، هەرزوو گومانی ئەوەی دروستكرد كە ئەو جگە لە پۆستی ئەندامی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم و ئەنجومەنی شورای فەرهەنگی، رەنگە پۆستێكی تریش وەربگرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە