تاقیکردنەوەی پۆلی 12 بە بەشداری زیاتر لە 115 هەزار قوتابی دەستپێدەکات
2025-06-01
161 جار خوێنراوەتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان دەڵێت، ئەمڕۆ یەکەم تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە بەشداری زیاتر لە 115 هەزار قوتابی زانستی، وێژەیی و پیشەیی دەستپێدەکات.
نوورەدین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، "هەموو ئامادەکارییەکان زۆر بەباشی کراون، سبەی یەکەم تاقیکردنەوە بەڕێوەدەچێت، دوو هەزار و 17 هۆڵ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادەکراون."
بە وتەی نوورەدین عوسمان، تاقیکردنەوەکان مانگێک دەخایێنن و 29ـی حوزەیران تەواو دەبن. وتیشی، "زیاتر لە 115 هەزار قوتابی وێژەیی، زانستی و پێشەیی کاتژمێر 07:30 تاقیکردنەوەکان دەکەن."
هەفتەی دوو تاقیکردنەوە دەکرێت لە رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە. بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان وتی، "ریزبەندیی وانەکان وەک ساڵانی رابردووە، بۆ زانستی بە زیندەزانی و بۆ وێژەیی بە مێژوو دەستپێدەکات."
بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان دەڵێت، دوو تاقیکردنەوە پێش جەژن دەکرێت، هەر رۆژێکیش پشووی فەرمی بێت، پاش پشووەکە تاقیکردنەوەکان بە ریزبەندیی خۆیان بەردەوام دەبن.
لەبارەی گزیکردنیشەوە، نوورەدین عوسمان قوتابییان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت، "هەر قوتابییەک گزی بکات، تەواوی ساڵەکە بە کەوتوو هەژمار دەکرێت و دەکەوێتە ساڵی داهاتوو."
|