ئێران پێشنیازی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕەتدەکاتەوە

2025-06-02  404 جار خوێنراوەتەوە

ئاژانسی ڕۆیتەزر بڵاویكردەوە، ئێران بە نیازە دوایین پێشنیازی ئەمریکا بۆ ڕێككەوتنی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ڕەت بکاتەوە کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە ناکۆکی ئەتۆمی دەیان ساڵە و تاران ئەو پێشنیارەی "قبوڵ نەكراو" دەزانێت و پێ وایە لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ناگونجێت.

ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ دوشەممە لە زاری دیبلۆماتێكی باڵای ئێرانەوە كە نەیویستوە ناوی ئاشكرابكرێت بڵاویكردەوە، پێشنیازەكەی ئەمریكا هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەڵوێستی واشنتن لەمەڕ پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم لەخۆناگرێت، کە ئەوەش لای ئێران قبوڵ نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، تاران پێی وایە ئەو پێشنیازەی كە کراوە باس لە مافە ئەتۆمییەکانی ئێران ناکات و گەرەنتی ڕاستەقینەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان دابین ناکات و دوپاتی کردەوە کە هەڵوێستی ئەمریکا "لە شێوە و ناوەڕۆكدا" نەگۆڕاوە.

ئەوە لەكاتێكدایە ڕۆژی 31ـی (ئایار/5) عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆڕمی ڕایگەیاند، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان بە مەبەستی گەیاندنی پێشنیازەکەی ئەمریکا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیەكەیانەوە، گەیشتوەتە تاران و وڵاتەكەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتیمانی و مافی هاوڵاتییانی ئێران، وەڵامێکی گونجاوی پێشنیازەکەی ئەمریکا دەدەنەوە.

ڕۆژی دواتر و لە ڕۆژی 1ـی (حوزەیران/6) کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، "پێشنیارێکی ورد و قبوڵکراوی بۆ ئێران ناردوە" و پەسەندكردنیشی لە بەرژەوەندی ئەواندایە.

وتیشی، سەرۆک ترەمپ بە ڕونی ئەوەی خستوەتەڕو کە ئێران هەرگیز ناتوانێت بۆمبی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و پشتڕاستیکردەوە کە ئەوە گەیەندراوەتە ئێران.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە