ئێران و عێراق گفتوگۆ لەسەر رادەستکردنی گەندەڵکاران دەکەن
2025-06-02
281 جار خوێنراوەتەوە
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە تارانە و لەگەڵ ئەمین رەحیمی، وەزیری دادی ئێران کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دادی عێراق، لەکۆبوونەوەکاندا باس لە رێکارەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنە واژۆکراوەکانی نێوان هەردوولا کراوە و ئامادەکاریش دەکرێت بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشن بۆ رادەستکردنەوەی داواکراوان و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان.
وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە دادوەرییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا و باس لە کاراکردنی رێککەوتنە دووقۆڵییەکان کرا. هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنیکی هاوبەش کە چاودێریی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان بەغدا و تاران بکات، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە دامەزراوە چاکسازییەکان و بوارە دادوەری و یاساییەکانەوە هەیە."
دادی عێراق ئاماژە بەوە دەکات: "هەردوولا باسیان لە ئامادەکاری و ئەگەری واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی نوێ کرد کە تایبەت بێت بە پرسی رادەستکردنی داواکراوانی تێوەگلاو لە کەیسەکانی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی هەردوو وڵات."
بەگوێرەی وەزارەتی داد، "ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری نێودەوڵەتی لە بواری دادوەری و کاراکردنی رێککەوتنە دووقۆڵییەکان."
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکرد کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد. یاداشتەکە هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتووە.
|