دوو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای سزادانی عێراق دەکەن

2025-05-29  553 جار خوێنراوەتەوە

دوو ئەندامی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوا لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکەن، کار بۆ "سزادانی عێراق" بکات، ئەوەش بەهۆی "ملکەچبوونی تەواوەتی بەغدا بۆ تاران".
 
بەپێی نامەیەکی جۆ ویڵسن و گرێگ ستووبی، ئەندامانی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە بۆ وەزیری دەرەوەیان ناردووە، "زیاتر لە چوار هەزار و 400 سەربازی ئەمریکی ژیانی خۆیان لە سەرەتای شەڕی عێراقەوە بەخشی، کەچی ئەمڕۆ عێراق جگە لە بووکەڵەیەکی دەستی تاران، هیچی دیکە نییە."
 
نامەکە رەخنە لە ئیدارەی باراک ئۆباما دەگرێت و دەڵێت، ئۆباما و برێت مەکگۆرک، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران و نێردەی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش "پاڵپشتییان" لە نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق کرد کە دەسەڵاتەکەی "بە سەرکوتکردنی سیاسیی دڕندانە و دەرکەوتنی داعش ناسراوە."
 
لە نامەکەدا هاتووە: "ئیدارەی ئۆباما کاتێک پشتی بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەست بۆ شەڕی داعش، هەڵەکانی خۆی دووبارە کردەوە. ئەنجامی ئەو بڕیارە شکستخواردووانە ئێستا حاشاهەڵنەگرن: هێزەکانی سەر بە ئێران دەسەڵاتێکی بێسنووریان بەسەر حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانی عێراقدا هەیە."
 
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کاریگەریی ئێران لەسەر عێراق بە تەواوی ئەوکاتە دەرکەوت کە لە ساڵی 2021 عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەرکرد بەهۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران، ئەوەش لەکاتێکدایە کە هێشتا 2500 سەربازی ئەمریکی بۆ هاوبەشیکردن لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان و شەڕی دژی داعش لە عێراقن.
 
ستووبی و ویڵسن داوایان لە ئەمریکا کردووە هەموو یارمەتییەکی دەرەکی بۆ عێراق رابگرێ تاوەکو لەژێر کاریگەریی ئێران دەچێتە دەرەوە.
 
دوو ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوایان کردووە حەشدی شەعبی "پشتیوانە داراییەکانی وەک گرووپی تیرۆریستیی بیانی بناسێندرێ و سزاش بەسەر ئەو بانکانەی دەوڵەتی عێراقدا بسەپێندرێت کە پشتیوانیی دارایی ئێران دەکەن." هەروەها داوای سزای سەر ئەو کەسایەتییە سیاسییانەی عێراق کراوە کە رێگە بە "گەشەکردنی کاریگەریی ئێران دەدەن."
 
لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە: "داواتان لێدەکەین دەستبەجێ رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانە و دڵنیابنەوە لەوەی سەرچاوەکانی ئەمریکا چی دیکە بۆ پتەوکردنی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر عێراقدا بەکارناهێندرێن."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە