دۆناڵد ترەمپ: دەرفەتی گەورە بۆ کارکردن لەگەڵ سووریا هەیە
2025-05-29
299 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند، تۆم باراک، باڵیۆزی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تورکیا، وەک نێردەی نوێی وڵاتەکەی بۆ کاروباری سووریا دەستنیشانکراوە.
ترەمپ لە بڵاوکراوەکەیدا نووسی: "خۆشحاڵم رایدەگەیێنم تۆم باراک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانمان لە تورکیا، وەک نێردەمان بۆ سووریا کاردەکات."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە کە باراک "لەوە تێدەگات دەرفەتی گەورە هەیە لە کارکردن لەگەڵ سووریا بۆ راگرتنی تووندڕۆیی، باشترکردنی پەیوەندییەکان و دابینکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
دۆناڵد ترەمپ لە کۆتایی پۆستەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە "پێکەوە، ئەمریکا و جیهان سەلامەت دەکەینەوە."
دەستنیشانکردنی باراک وەک نێردەی نوێ بۆ سووریا لەکاتێکدایە، دۆخی سووریا و پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە لە قۆناخێکی هەستیاردایە.
نێردەی نوێی ئەمریکا بۆ سووریا ناوی تۆماس جۆزێف باراک جونیەرە و لە 28-04-1947 لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبووە.
باراک سەرمایەدار و وەبەرهێنەرێکی ئەمریکایە و چەندین ساڵە هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپە و لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن پارەیەکی زۆری بۆ کۆکردەوە.
|