عێراق و ئێران لە ڕووسیا چەکدانانی پەکەکە تاوتوێ دەكەن

2025-05-28  632 جار خوێنراوەتەوە

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە ڕوسیا كۆبونەوە و پرسی چەکدانان و خۆهەڵوەشانەوەی پەکەکە و کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارەیان لەسەر هەردو وڵات تاوتوێ کرد.

نویسنگەی ڕاگەیاندنی قاسم ئەعرەجی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە،  ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە مۆسکۆ لەگەڵ هاوتا ئێرانیەكەی لە پەراوێزی 13هەمین کۆبونەوەی نێودەوڵەتیی بەرپرسانی باڵای پرسە ئەمنییەکان کۆبونەوە، کە لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا بەڕێوەچو.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەكۆبونەوەكەدا بابەتی ستراتیجی و دۆسیەی بەرژەوەندی هاوبەش تاوتوێ کرا، بەتایبەتی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردو وڵات و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی، هەروەها دۆسیەی هەڵسەنگاندنی ئەمنی لە ناوچەکە، بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارە لەسەر هەردو وڵات، جگە لە بەدواداچون بۆ ڕێککەوتنی هاوبەشی ئەمنی نێوان هەردو وڵات.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی سوریا کرا، لایەنی ئێرانیش جەختی لەسەر گرنگی ئاسایش و سەقامگیری و سەربەخۆیی و یەکڕیزی گەلی سوریا بە گشتی کردەوە. هەڵوێستی عێراقیش کە هاوڕاییه‌ لەگەڵ هەڵوێستی ئێران لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی سوریا و یەکڕیزیی خاک و گەلەکەی خرایەڕو.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە