جەللادێك دراوسێمانە
ڕەحمان غەریب
16/05/2026
183 جار خوێنراوەتەوە
كاتێك باس دێتە سەر ئەشكەنجەی ناو زیندانەكان، ئەشكەنجەدراوی بەدبەخت دیارە، كارەكتەری جەلادەكە نادیارە، خۆ رەنگە وەحشەكە دراوسێمان بێت، بەیانیان مناڵەكەی ببات بۆ قوتابخانە و رۆژانی هەینی لە باخەكەی سەرقاڵی بەخێوكردنی تاوس بێت، بەڵام دەمامكدارە، شاراوەیە.
جۆرێكی تریان ئاشكران، وەك مورو بە دامەزراوەی سەربازی و ئەمنیدا بڵاوبونەتەوە، لەكاتی خۆپیشاندانەكان و روداوی ئەمنیی گەورە و دەستگیركردنی هاوڵاتیانی ناڕازی، یان كاتێك دیلێك دەكەوێتە ژێر دەستییان، دەردەكەون.
لە بیرەوەریی زیندانییە سیاسییەكانی خۆمان كە باس لە ئەخلاقی جەللادی ئەو سەردەمەی دائیرەكانی داپڵۆسین و دەستوپێوەندەكانی دەكەن، رواڵەتەكانی ئەشكەنجەدانی هەندێك لە ژورەكانی لێكۆڵینەوەی سەردەمی حوكمی خۆماڵی تیایە، ئەخلاقێكی هاوبەشیان لە جنێودان و هەڕەشەی دەستگیركردنی ژن و خوشك هەیە، ئیتر تا فەلاقەكردن و، قێزەونترین جۆری ئەشكەنجەدانی جەستەیی و دەرونی.
جەللادی ئێمە، سودییان لە شارەزایی و هونەری ئەشكەنجەدانی سیستمی سیاسیی پێش خۆیان وەرگرتوە، هەمان پرۆتۆكۆل، هەمان میراتی جەللادی ئەمن و ئیستخبارات و شوعبەكانی موخابەراتی لە شكاندنی شكۆ و كەرامەتی ئینسانی بۆ ماوەتەوە، ئەخلاقێكی هاوبەش لە لێكۆڵینەوە لەگەڵ گیراوان تا دەگاتە قۆناغی ئیعترافكردن، هەرچی میكانیزمی ئەشكەنجەدان، سوكایەتی و هەڕەشەیە تاقیدەكرێتەوە.
دڕندەیی و بێباكی بەرامبەر بە كەرامەت، ئازارەكانی مرۆڤ، زەلیلكردن و لەقاڵبدانی زیندانیان بە شێوازێكی ژیان كە جیاوازییەكی زۆری نەبێت لە ژیان لە گەوڕێكدا، هەمو رۆژێكت كابوس و ئازار بێت، بۆ بەعسی عێراقی و سوری خەسڵەتی رژێمەكەین و روداوی ئاسایین، بەڵام دەبێت هەمو توشی شۆك بین كە دەكرێتە ئەخلاقی حوكمڕانیی میللەتێك كە لایەكی قوربانیی دەستی جەلادە و شوناسی زیندانیی سیاسی هەڵگرتوە.
كاتێكیش سەنگەری سیاسیی ئەشكەنجەدراو، دەكەینە پێوەر بۆ هەڵوێست، ئەوە بەشدارییە لە ژیاندنەوەی ئەخلاقی زەمەنێك كە گەنج لەسەر (كراسی رەش) و (ریشی درێژ)ی لەسەر شەقامەكان گوللەباران دەكرا.
كاتێك رەنگ و بیركردنەوەی ئەشكەنجەدراو، دەكەینە پێوەر بۆ هەڵوێست بەشدارییە لە گەڕاندنەوەی ئەخلاقی دادگاییكردنەكانی سەردەمی شاخ كە مخالفی سیاسی ئەگەر نەكرایە بە قوربانی فیشەكێك، ئەوە دەكرایە تەویلەی حەیوان تا باس لە جیاوازییەكانی بۆ رەشەوڵاخ بكات و لەوێ یادەوەرییەكانی بنوسێتەوە.
ئیتر وایە، كە سیاسەت هەمو ئەو ئامرازانەی پێویستن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی فەزای گشتی بۆی بەردەست و كارابێت، كەلتور ملكەچی پارەی حزب بێت، بەشێكی رۆشنبیران بە پلانی جەهەنەمی بێدەنگ كرابن، میدیا ئامرازی پڕوپاگەندە بێت، چالاكوانی سەندیكا و رێكخراوەكانیش وەك دەرگاوانی حزب ئەركیان بۆ دانرابێت، بێدەنگ بون شۆك نییە، بەڵكو گوزارشتە لە وەزعی حاڵ و سەردەمێكی ناشرین.
|
هەموو وتارەکانی
ڕەحمان غەریب