"مووچە و دەرماڵەی هەموو پێشمەرگەیەک 500 بۆ 600 هەزار دینار زیاد دەبێت"
44 خولەک پێش ئێستا
110 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی دوای تێپەڕبوونی 23 ساڵ بەسەر ئازادبوونی عێراق، ماف و شایستەکانی پێشمەرگە گەرەنتی بکات، بەو پێیەی پێشمەرگە هێزێکی دەستوورییە و بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، هەفتەی ڕابردوو یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەفەرمی ڕاگەیەنرا و گفتوگۆش لەگەڵ بەغدا دەستپێکراوە بۆ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتیان.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە کەناڵی ئاڤای وتووە، پێویستە ڕێکخستنەوەی بنەڕەتی بۆ مووچەی پێشمەرگە بکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە نوێیەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکرێت.
بۆ ئەم مەبەستە دوو پێشنیاز بۆ بەغدا ئامادەکراون تاوەکو ڕەزامەندی لەسەر یەکێکیان بدات:
یەکەم: ساڵانە لە بودجەی سیادی عێراق بڕە پارەیەک تەرخان بکرێت بۆ پێشمەرگە، مووچە و دەرماڵە و پێداویستییە لۆجستییەکانیان لەو پارەیە بۆ دابین بکرێت، بڕە پارەکەش بەشی ئەوە بکات مووچە و ئیمتیازاتیان هاوشێوەی سوپای عێراق بکرێت.
دووەم: مووچە و ئیمتیازاتی پێشمەرگە هاوشێوەی هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق لێ بکرێت و ساڵانە لەناو یاسای بودجە پارەی بۆ تەرخان بکرێت.
میدیای پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە ئەم دوو پێشنیازە هەردووکیان پێویستیان بە ڕێککەوتنی سیاسی و ڕەزامەندی حکومەتی عێراقە، پرۆسەکەش قورس و هێندە ئاسان نییە بڵێین بە ڕۆژێک و دوو ڕۆژ دەکرێت، بەڵام حکومەتی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە، ئەم بابەتە لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستانیش باس کرا کە 23ـی مانگی 9 کرا.
داوا لە بەغدا کرا لە بودجەی 2027 مووچە و شایستە دارایییەکان و پێداویستییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان، هاوشێوەی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ جێگیر بکرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان کە ئەندامی شاندی باڵای دانوستانە لەگەڵ بەغدا، بە ئاڤای وتبوو: ئێستا 148 هەزار پێشمەرگەمان هەیە، لە دانوستانەکانمان سەبارەت بە بودجەی 2027، بە فەرمی داوامان کردووە شایستە داراییەکانیان لە خەرجییە سیادییەکان دابنرێت و مووچە و دەرماڵەیان هاوتا بکرێت لەگەڵ هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق.
هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە بۆ ساڵێک پێویستی بە 450 ملیار دینارە، مانگانە دەکاتە 37 ملیار و 500 ملیۆن دینار. ئەگەر هەوڵەکە سەربگرێت و ئەم داواکارییە لە پرۆژەیاسای بودجە جێگیر بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت، لە ساڵی داهاتووەوە دەرماڵەی مەترسی بۆ پێشمەرگە خەرج دەکرێت کە 50%ـی مووچەی بنەڕەتییە. هەروەها 300 هەزار دینار دەرماڵەی خۆراکیان بۆ خەرج دەکرێت.
بەگشتی مووچەی هەر پێشمەرگەیەک 500 بۆ 600 هەزار دینار زیاد دەبێت، بەپێی پلەکەش پارەکە زیاتر دەبێت.
|