دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عیراق بەگەرووی هورمزدا تێپەڕی

3   کاتژمێر پێش ئێستا  83 جار خوێنراوەتەوە

کۆمپانیای نەوتهەڵگرەكانی عێراق دەڵێت، دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی لەسەر کەشتییەکی زەبەلاح گواستووەتەوە بۆ دەرەوەی گەروی هورمز، پرۆسەکەش بە یەکەمین ئۆپراسیۆنی لەو جۆرە ناودەبات لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا. 

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز، کۆمپانیاکە نەوتی خاوەکەى لە ڕێگەی گەرووەکەوە دەگوازێتەوە لەبری ئەوەی لە بەندەری بەسرە رادەستی بکات، ئەمەش نەرمونیانییەکی زیاتر بە کۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراقی (سومۆ) دەدات لە دیاریکردنی چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتە خاوەکەو شوێنەکەی.

عەلی قەیس عەبدولجەبار، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتهەڵگرەكانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكردوە، ئەم هەنگاوە ئامانجی پێدانی نەرمونیانی زیاترە بە کۆمپانیای سومۆ لە پرۆسەکانی فرۆشتندا و سوودوەرگرتن لە دەرفەتی بەدەستهێنانی نرخی باشتر.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو کۆمپانیاكەیان کار دەکات بۆ کڕین و خاوەندارێتیکردنی کەشتی نەوتهەڵگری تایبەتمەند بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی و پەرەپێدانی کەشتیگەلەکەی و رکابەریکردنی کۆمپانیا هاوشێوەکانی گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەکەدا. 

پێشتر عێراق مۆڵەتی لە ئێران وەرگرتبوو بۆ تێپەڕبوونی ئەو نەوتکێشانەی کە نەوتی عێراقیان هەڵگرتووە لە گەروی هورمزەوە، کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردووەوە، گەرووەکە بە کردەیی داخراوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە