"بێڕێزیکردنی حەشدی شەعبی بە ئاڵای ئەمریکا دەیسەلمێنێت عێراق پارێزگایەکی ئێرانە"
3 کاتژمێر پێش ئێستا
54 جار خوێنراوەتەوە
ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا هێرشێکی توند دەکاتە سەر دەستەی حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراق و رایدەگەیێنێت، بێڕێزیکردنی چەکدارانی حەشدی شەعبی بە ئاڵای ئەمریکا بەڵگەی ئەوەیە عێراق بووەتە "پارێزگایەکی ئێران"؛ هاوکات داوا دەکات "عێراق لە هەژموونی تاران رزگار بکرێت."
جۆو ویڵسن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت چەکدارانی حەشدی شەعبی، کە بەشێکن لە هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق، بێڕێزی بە ئاڵای ئەمریکا دەکەن و ستایشی دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەن.
ئەو ئەندامەی کۆنگرێس لە پەیامەکەیدا رووی دەمی دەکاتە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و دەڵێت: "ئەگەر بەڵگەی زیاترتان دەویست بۆ ئەوەی بزانن عێراق پارێزگایەکی ئێرانە، ئەمە بەڵگەکەیە." هەروەها دەپرسێت: "ئایا ئەمە تێڕوانینی ئێوەیە بۆ ئەمریکا؟" و لە کۆتایی پەیامەکەشیدا دروشمی "عێراق لە ئێران رزگار بکەن"ـی نووسیوە.
جۆو ویڵسن، ئەندامی دیاری پارتی کۆمارییە لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و یەکێکە لە سەرسەختترین نەیارانی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا؛ لە ماوەی رابردوودا چەندین پڕۆژەیاسای بۆ سەپاندنی سزای توند بە سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و ناوچەکەدا پێشکەش کردووە.
دەستەی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 و دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر عێراق دامەزرا، لە ساڵی 2016دا لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە وەکو بەشێک لە هێزە چەکدارە فەرمییەکانی وڵات ناسێندرا کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (سەرۆکوەزیرانی عێراق) سەرپەرشتیی دەکات.
سەرەڕای ئەوەش، واشنتن بەردەوام رەخنە لە دەسەڵاتی بەغدا دەگرێت بەوەی نەیتوانیوە کۆنترۆڵی تەواوی گرووپەکانی نێو حەشدی شەعبی بکات، بە تایبەت ئەو لایەنانەی کە نزیکن لە تاران و دەستیان لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمریکادا هەیە.
|