"کورتهێنانی بودجەی عێراق 26 تریلیۆن دیناری تێپەڕاند"
2026-10-04
497 جار خوێنراوەتەوە
داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی بودجەی فیدراڵی تا کۆتایی تەممووزی 2026، روونیکردەوە، کۆی گشتیی داهاتەکانی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 39.096 تریلیۆن دینار. بەپێی داتاکان، 78%ـی ئەو داهاتانە لە نەوت بەدەستهاتوون.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردوونەتەوە، داهاتی نەوت نزیکەی 30.356 تریلیۆن دینار بووە، لە بەرامبەردا داهاتی نانەوتی گەیشتووەتە 8.740 تریلیۆن دینار، کە دەکاتە 22%ـی کۆی گشتیی داهاتەکان.
هاوکات داتاکان دەریانخستووە کۆی خەرجییەکان گەیشتووەتە نزیکەی 65.424 تریلیۆن دینار، ئەمەش بەو مانایەیە کە کورتهێنانی نێوان داهات و خەرجییەکان گەیشتووەتە 26.329 تریلیۆن دینار.
لە بەندی خەرجییەکاندا، مووچەی فەرمانبەران بە بەهای 35.875 تریلیۆن دینار لە پلەی یەکەمدایە، دوای ئەوەش چاودێریی کۆمەڵایەتی بە 15.989 تریلیۆن دینار و پاشان بەخشین، هاوکاری، سوو و خەرجییەکانی دیکە بە 5.096 تریلیۆن دینار دێن.
خەرجیی پێداویستییە کاڵایییەکان 1.939 تریلیۆن دینار، پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان 139.3 ملیار دینار و نۆژەنکردنەوەی موڵکەکان 41.4 ملیار دینار بووە. لەبارەی خزمەتگوزاریی قەرزیشەوە، داتاکان ئاماژەیان بەوە کردووە خەرجیی قەرزەکان تا کۆتایی تەممووز گەیشتووەتە 6.239 تریلیۆن دینار.
داتاکانی بودجە روونیکردەوە کە جیاوازیی نێوان داهات و خەرجییەکانی دەوڵەت بەردەوامە و لە حەوت مانگی یەکەمی 2026، خەرجییەکان 26.3 تریلیۆن دینار لە داهاتەکان زیاتر بووە.
لە بەرامبەردا، نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، خەرجیی مووچە و چاودێریی کۆمەڵایەتی لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 51 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا داهاتی گشتی دابەزیوە بۆ 39 تریلیۆن دینار.
مەرسوومی روونیکردەوە کە داهاتەکان تەنیا 76%ـی بەهای مووچە و چاودێریی کۆمەڵایەتییان پڕکردووەتەوە. بە بڕوای ئەو شارەزایە، ئەم دۆخە هۆکاری دروستبوونی کورتهێنانە کە گەیشتووەتە 29 تریلیۆن دینار.
|