نزیکەی 125 هەزار قوتابی لە ناوچە دابڕێنراوەکان بە کوردی دەخوێنن
3 کاتژمێر پێش ئێستا
80 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 لێدرا.
لە کاتێکدا ژمارەی قوتابییانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، خورماتوو و شنگال بۆ نزیکەی 125 هەزار قوتابی بەرزبووەتەوە، ساڵانە خواست لە سەر خوێندنی کوردی لە زیادبووندایە، بەڵام پرۆسەکە لە بەردەم کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورەی وەک کەمیی مامۆستا، بوونی قوتابخانەی سێ دەوامی و چوار دەوام، کۆنی باڵەخانەکان و نەگەیشتنی کتێب بە هەندێک لە ناوچەکان دەستپێدەکات.
خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە رووی میلاک، چاپ و دابینکردنی کتێب و پێداویستییەکانەوە بە تەواوی لە سەر ئەستۆی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام کێشەی میلاکی بەغدا و نەبوونی هاوکاریی حکومەتی فیدراڵ هێشتا بارگرانییەکی گەورەی لە سەر پرۆسەکە دروستکردووە.
لە سنووری پارێزگای کەرکووک، خوێندنی کوردی ئەم ساڵ پێشوازی لە 105 هەزار قوتابی دەکات لە نێو 562 قوتابخانەدا.
مامۆستا کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە میدیاکانی راگەیاند: "ساڵانە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن کتێبی بۆ دەناردین، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی زیادبوونی ژمارەی قوتابییان، ملیۆنێک و 200 هەزار کتێبی لە قۆناخی باخچەی منداڵانەوە تاوەکو پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ دابین کردووین."
بە پێی ئامارە فەرمییەکان، تا ئێستا 1050 قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە گوازراونەتەوە بۆ خوێندنی کوردی و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زیاتریش ببێت.
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی باسی لە گرفتەکانی باڵەخانە کرد و وتی: "100 باڵەخانەی قوتابخانەکانمان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە کە 40ـیان زۆر کۆنن، هەروەها نزیکەی 30 تاوەکو 40 قوتابخانەمان سێ دەوامین." ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای ساڵی 2017ـەوە حکومەتی عێراق هیچ یارمەتییەکی خوێندنی کوردی نەداوە و تەنانەت یەک قوتابخانەشی بۆ نۆژەن نەکردوونەتەوە.
سەبارەت بە کێشەی میلاک، کامەران عەلی روونیکردەوە کە 8200 مامۆستا و فەرمانبەر لە کەرکووک خزمەت دەکەن کە هەموویان لە سەر میلاکی هەرێمی کوردستانن و 1100 کەسیان گرێبەستن، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵدا 500 مامۆستایان خانەنشین بوون و ئەوەش بارگرانی دروستکردووە.
|