مۆرینیۆ رووبەڕووی چوار بڕیاری چارەنووسساز دەبێتەوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
68 جار خوێنراوەتەوە
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری ریال مەدرید دوای تەواوبوونی پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان، لەبەردەم چوار پرسیاری تاکتیکی ئاڵۆزدایە لە پێکهاتەی سەرەکی یانەی شاهانەدا، کە دیارترینیان دابەزینی ئاستی ڤینیسیۆس جۆنیۆرە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای ئیسپانیا، کێشەی یەکەم لە باڵی راستدایە لەنێوان دێنزێل دومفرێس و ئەلێکساندەر ئارنۆڵد؛ دومفرێس لەگەڵ فەلسەفەی جەستەیی مۆرینیۆ دەگونجێت، لە بەرامبەردا ئارنۆڵد لە رووی دروستکردنی یاری لە دواوە بژاردەیەکی باشترە، بەڵام هەڵە بەرگرییەکانی دەبنە رێگر. لە دڵی بەرگریدا بەهۆی سزادانی دین هاوسن و پێکرانی ئیبراهیما کۆناتێ کێشە دروستبووە، چاوەڕوانیش دەکرێت بە گەڕانەوەی ئێدێر میلیتاو لە پێکان، هاوکێشەکان بگۆڕێن.
کێشەی سێیەم هێڵی ناوەڕاستە؛ فێدریکۆ ڤاڵڤێردی و ئۆریلیان چوامینی هاوسەنگییەکی بەرگریی باش دەبەخشنە تیپەکە، بەڵام هاوکات دەبنە هۆی کەمبوونەوەی داهێنان لە دروستکردنی هەلدا. هەرچەندە بێرناردۆ سێلڤا دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، بەڵام ئاستی لەگەڵ پۆرتوگال هێشتا نەگەیشتووەتە لووتکەی ئامادەباشیی جەستەیی خۆی.
لە هێڵی پێشەوەشدا گەورەترین ئاڵنگاری دروستبووە؛ ئاردا گولەر و یان دیۆماندێ بەهۆی ئاستە بەرزەکەیانەوە داوای خولەکی زیاتر دەکەن. لەم نێوەندەدا سەرنجەکان دەچنە سەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر کە لەم وەرزەدا ئاستێکی خراپی پێشکەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی مۆرینیۆ بەرگری لێکردووە، بەڵام گوشارەکان لەسەر ئەو ئەستێرە بەرازیلییە لە زیادبووندان.
ریال مەدرید لە مانگی 10ـدا رووبەڕووی چەند تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەبێتەوە، لەوانە یاریی بەرامبەر ڤیاڕیال لە لالیگا و یانەی رۆما لە چامپیۆنزلیگ، ئەمەش ئەو ماوەیە دەبێت کە شێوازی راستەقینەی پێکهاتەکەی مۆرینیۆ بۆ بەردەوامی وەرزەکە یەکلایی دەکاتەوە.
|