چەکدانانی پەکەکە ترسنۆکی نیە
نەزهەت حالی
13/07/2025
136 جار خوێنراوەتەوە
شۆڕشگێڕی کەلەرەقی نیە
چەکدانانی یەکەم گروپی سەرکردە و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان هەنگاوێکی مێژووی بوو، دەستپێکی کرداری پرۆسەیەکی گرنگی چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراسیانەی پرسی کوردە لە تورکیا.
ئەو چەکدانانە تەسلیم بوون نیە، بەڵکو ئازایەتییە و بوێرییە لە تێگەیشتن لە بارودۆخی هەنوکەیی و هەوڵدانە بۆ سود وەرگرتن لەو دەرفەتەی کە هاتووەتە پێش.
بە کۆتایی هاتنی ئەو شەڕە کورد دەتوانێت لەو پۆتانسیێلەی کە هەیە بۆ ژیانێکی باشتر و پێشکەوتن لەناو وڵاتی تورکیادا سود وەربگرێت ، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا کورد لە ڕووی ئابوری و زانستییەوە و بە نیشتەجێ بوون و تێکەڵ بوونی لە ناو شارە گەورەکانی تورکیا، بە بەشداری لە کاری پەڕلەمانی بە بەراورد بە جاران لە قۆناغێکی زۆر جیاواز دایە ، کورد هێزێکی باش و کاریگەر و بەسودە لە تورکیا.
تورکیا دەوڵەتێکی گرنگی ناوچەکەیە و زانای بواری سیاسەت جۆرج فریدمەن پێی وایە ئەو دەوڵەتە وەکو هێزێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەر دەکەوێت، سەرۆک کۆماری تورکیاش بە ڕاشکاوانە لە پەرتوکی جیهانێکی دادپەروەرانە مومکینە( a fairer world is possible), ڕەخنە لە سیستمی جیهانی دەگرێت و دەڵێت “لەو کاتەی جیهان ڕووبەڕوی کێشە گەورەکان دەبێتەوە،ئێمە ناتوانین چارەنوسی مرۆڤایەتی بدەینە دەستی ڕەحمەتی چەند نەتەوەیەک”ئەو چوارچێوە هزرییەی کە ئەردۆغان پێشنیار دەکات بۆ جیهان هەروەک خۆی دەڵێت، “دەبێت لەسەر ئایدیای فرە لایەنی (multilateralism-التعددية) جێگیر بێت”.
بۆ گەیشتن بە ئاستی هێزێکی گەورەی ناوچەیی و بینینی ڕۆلی شیاو لە ئاستی جیهانی، تورکیا و سەرۆکەکەی پێویستیان بەوەیە ئەو فرەلایەنەیە لە ناو وڵاتەکەیان جێگیر بکەن، ئەوەش بە بێ گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ پەکەکە و واز هێنانی ئەو حزبە لە خەباتی چەکداری و پاراستنی مافی کورد بە دەستور و یاسا لە ناو تورکیا ناهێتە دی.
هەروەک چۆن سەرۆک ئەردۆغان دەڵێت کە جیهان گەورەترە لە پێنج وڵات، تورکیاش وەک دەوڵەت ئەگەر بیەوێت گەورەتر بێت لەوەی کە هەیە،دەبێت تەنیا تورکیای خەلکی بە نەتەوە تورک نەبێت و بە کردەیی و بێ جیاوازی تورکیای کوردیش بيت، کورد و نەتەوەکانیتریش وەکو تورکەکان مافیان پارێزراو بێت.
پەکەکە و بە تایبەت ڕێبەری پەکەکە عبداللە ئۆج ئالان ، بڕیارێکی مێژوویان داو بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە ( کە سەرەڕای رەخنەی زۆر لە شێوازی خەباتی چەکداری ڕابردووی، بەڵام ئەو پارتە ڕۆلێکی گرنگی لە کایەی سیاسی ناوچەکە هەبووە ).
لە ڕوانگەی واقع بینی و بەرژەوەندی گەلی کورد و تورک کە جەبری مێژوو و جوگرافیا قەدەرەکانینانی پێکەوە بەستووە، واز هێنان لە خەباتی چەکداری نە ترسنۆکییە نە تەسلیم بوون، بەڵکو جۆرێکە لە ئازایەتی بۆ بڕیاردانی دروست و جێبەجێ کردنی بڕیارە دروستەکە.
شۆڕشگێری کەلە ڕەقی نیە بەڵکو واقع بینی و خۆ گونجاندن و سود وەرگرتنە لەدەرفەتەکان و کەمکردنەوەی زیانەکانە، هەروەک سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران هاشمی رەفسەنجانی لە ڕەخنە گرتنێکدا لە کەسانێک لە وڵاتی خۆیدا سەبارەت بە جیاوازی نێوان شۆڕشگێڕی و کەلە ڕەقی سیاسی زۆر بەجوانی ئاماژەی پێداوە و دەڵێت:
“ئەوانەی کە بە هەڵە کەلە ڕەقی بە شۆڕشگێڕی دەزانن هەڵەن. کەلە ڕەقی،یەک دەندەی (یک دندگی)، هەر قسەیەکمان کرد دەبێت لەسەری بین، پیاو ئەوەیە کە لە قسەکەی پاشگەز نەبێتەوە، ئەوانە هەموویان نیشانەی پاشڤەڕۆی و دەمارگیری و نەزانینن، مرۆڤی تەندروست ئەو کەسەیە لەو کاتەی زانی کە دەبێت لە ئێستادا هەڵوێستێکی نوێ وەربگرێت دەبێت بتوانێت بڕیاری خۆی بدات".
ئەوەی دیارە کە ڕێبەری زیندانی پەکەکە بڕیارێکی تەندروست و ڕاست و شۆڕشگێڕانەی لە ئێسادا داوە، بەردەوامی شەڕ تەنیا زیانی بۆ تورک و کورد هەیە، لە ئێستادا ڕۆلی یەکلاکەرەوە بۆ تۆرکیا دەمێنێتەوە بەوەی ئاشتی بە دەستور و یاسای سەردەمینانە و دیموکراسیانە جێگیر بکات.
پێشبینی دەکرێت دەوڵەتی ئيرانیش بیر لە هەنگاوێکی هاوشێوە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێراندا بە ڕێگای ئاشتیانە بکاتەوە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێڕاقیش وەکو دەسەڵات و خەڵک گرنگە هەموو پاڵپشتییەکی سەرکەوتنی ئەو هەوڵە ئاشتیخوازنە بکەین.
|
هەموو وتارەکانی
نەزهەت حالی