ڕێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا چۆن جێبەجێ دەکرێت؟
2025-07-17
791 جار خوێنراوەتەوە
دوای چەند مانگێک گفتوگۆ و سەردانی شاند بۆ بەغدا، جارێکی دیکە بەغدا و هەولێر رێککەوتنێکی دیکەیان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد، کە رەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی پێوە بەستراوەتەوە.
بە گوێرەی رێککەوتنەکە حكومەتی هەرێم دەستبەجێ دەستدەكات بە رادەستكردنی تەواوەتیی نەوتی بەرهەمهێنراوی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ.
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە دەبێت رۆژانە بڕی ئەو نەوتەی کە رادەستی دەکات لە ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت کەمتر نەبێت.
هەروەها بڕی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ مەبەستی بەكاربردنی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان تەرخاندەكرێت، داهاتی ئەم بڕە نەوتەش دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
جیا لەوە پێویستە حکوومەتی هەرێم نیوەی داهاتە فیدڕاڵییەکان رادەست بکات کە بڕەکەی بە ١٢٠ ملیار دینار خەمڵێندراوە.
لە بەرانبەردا حکوومەتی عێراق پارەی خەرجی دەرهێنانی نەوت بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان خەرج دەکات و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا خەرج دەکات.
جێبەجێ کردنی ئەم رێککەوتنە بەستراوەتەوە بە راپۆرتی کۆمپانیای سۆمۆوە ئەوەش بەو واتایە دێت تا سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنی نەوتەکە نەکات هیچ بڕە پارەیەک رەوانەی هەرێم ناکرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە میدیاکانی پارتی دیموکراتەوە بڵاو دەکرێنەوە، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست دەکرێت بە رەوانەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دارایی هەرێمیش داوای لە فەرمانبەرەکانی بانکەکان کردووە رۆژانی هەینی و شەممە بگەڕێنەوە بۆ دەوام تا ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی مووچە تەواو بکەن.
ئەوەی بەلای خەڵکی کوردستانەوە گرنگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە چونکە ماوەی سێ مانگە فەرمانبەران مووچەکانیان وەرنەگرتوە لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی کوردستان بەردەوام نەوتەکەی فرۆشتووە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی میدیا جیهانییەکان لەسەر نەوتی هەرێم بڵاویانکردووەتەوە داهاتی مانگانەی تا ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بووە بەڵام هیچ بڕە پارەیەک لەو داهاتە بۆ خەزێنەی گشتی نەگەڕاوەتەوە و دیار نیە چی بەسەر هاتووە.
لەلایەکی دیکەوە ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوام بە درۆن بۆردوومانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دەکرێت بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی زیانی زۆر بە کێڵگە نەوتییەکان گەیشتووە.
دیار نیە ئەم هێرشە درۆنیانە کاریگەرییان لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەبێت یان نا بە تایبەت تا ئێستا سەرچاوەی هێرشەکان ئاشکرا نەکراوە.
|