هیندستان هێرشی کردە سەر چەند شوێنێکی پاکستان
19 کاتژمێر پێش ئێستا
311 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی سوپای پاکستان دەڵێت، سوپای ھیندستان بە مووشەک سێ پێگەی وڵاتەکەیانی کردووەتە ئامانج؛ پاکستانیش هەڕەشە دەکات و دەڵێت، وەڵام دەدەنەوە.
وەزارەتی بەرگریی هیندستان رایگەیاند، "کەمێک لەمەوبەر ئۆپەراسیۆنی سندوور" مان دەستپێکرد و 9 ژێرخانی تیرۆریستانمان لە ناوچە داگیرکراوەکانی کشمیر و جاموو بەئامانج گرت."
دوای هێرشەکان، وتەبێژی سوپای پاکستان رایگەیاند: "کەمێک لەمەوبەر ھیندستان بە مووشەک سێ ناوچەی پاکستانی بۆردوومان کرد."
هێرشەکان بۆ سەر چەند شوێنی هەرێمی کشمیری ژێر دەسەڵاتی پاکستان نزیک شاری موزەفەرئاباد بوون.
دوای هێرشەکان، شارەکە کارەبای بڕا؛ هەروەها بەهۆی هێرشەکانەوە، هێڵی ئاسمانیی پاکستان سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت.
"هیندستان ناوچە سڤیل نشینەکانی بە ئامانج گرتووە"
هیندستان ئاماژەی بەوە کردووە، "ژێرخانی تیرۆریستیان لە پاکستان کراونەتە ئامانج." بەڵام خەواجە عاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان دەڵێت، هیندستان هێرشەکانی لەنێو خاکی خۆی ئەنجامداوە و دەنگۆی هیندستان بۆ بەئامانجگرتنی "تیرۆریستان" راست نییە و ناوچە سڤیل نشینەکانیان بە ئامانج گرتوون.
وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکان سێ کەسی سڤیل کوژراون کە یەکێکیان منداڵ بووە.
"لە کات و شوێنێک کە خۆمان هەڵیدەبژێرین، وەڵام دەدەینەوە"
گوتەبێژێکی سوپای پاکستان دەڵێت، "لە کات و شوێنێک کە خۆمان هەڵیدەبژێرین، وەڵامیان دەدەینەوە."
گوتەبێژەکە دەشڵێت، "هەموو فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیمان لە ئاسمانن، ئەمە هێرشێکی شەرمەزارکەر و ترسنۆکانە بوو کە لەنێو خاکی هیندستان ئەنجامدرا."
دۆناڵد ترەمپ هێرشەکە بە "شەرمەزارکەر" ناودەبات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەوە شەرمەزارییە، ئێستا پێمگەیشت، ئەوە چەندین دەیە و سەدەیە ئەوانە شەڕ دەکەن، هیوادارم زوو کۆتایی بێت.
ئەو هێرشەی هیندستان داوی ئەوە هات، لە 22ـی نیساندا و لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هیندستان لە کشمیر، 26 کەس کوژران و دوای هێرشەکەش، حکومەتی هیندستان پەنجەی تۆمەتی بۆ پاکستان درێژ کرد.
هەرێمی کشمیر لە ساڵی 1947وە بەسەر هیندستان و کشمیردا دابەشکراوە، بەڵام هێشتا کێشەلەسەرە و لەسەدا 55ی لەلایەن هیندستانەوە کۆنترۆڵ کراوە و لەسەدا 30یشی لەلایەن پاکستان و لەسەدا 15ی دیکەش لەلایەن چینەوە.
|