ئەردۆگان: كۆچی دوای ئۆندەر نیگەرانی كردم
12 کاتژمێر پێش ئێستا
170 جار خوێنراوەتەوە
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند، زۆر دڵگرانبون بە كۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لە لیستی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەكەی و ئازیزان و دەم پارتی دەكات و دەڵێت، "ئوندەر ڕۆڵێکی گرنگی لە پرۆسەی تورکیایەکی دور لە تیرۆر هەبو".
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، ئەمشەو لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، زۆر دڵگران بوم بە کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی توركیا و ئەندامی پەرلەمان بۆ ئەستەنبوڵ.
ئاماژەی بەوەشكرد، خودا ڕەحم بە ئۆندەر بکات؛ پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵەكەی، ئازیزانی و دەم پارتی و پەرلەمانی توركیا دەکەم. دواجار لە كۆشكی سەرۆکایەتی پێشوازیمان لە کۆچکردو کرد و بیروڕایەکی بەرهەمدارمان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بەو هەنگاوانەی كە ناویەتی.
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان باسی لەوەشكرد، من بە دڵم باوەڕم وایە دەگەینە ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر"، کە سری سورەیا ئۆندەر لەم دواییانەدا کاری بۆ کردوە.
سری سورەیا ئۆندەر، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتینگەیل لە ئیستانبوڵ بە نەخۆشی دڵ كۆچی دواییكرد.
شەوی 15ـی مانگی ڕابردو سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا و ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی، توشی جەڵدەی دڵ بوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و هەمان شەو نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا.
سری سورەیا ئۆندەر لەگەڵ پەروین بوڵدان، سەرۆكایەتی شاندی دەم پارتی دەكەن بۆ پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە توركیا كە لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوەوە دەستیپێكردوە و لەو ماوەیەدا سێجار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی كراوی پەكەكە كۆبونەتەوە.
ئۆندەر و بوڵدان لەو ماوەیەدا لەگەڵ زۆربەی پارت و لایەنە سیاسیەكانی توركیا كۆبونەتەوە و كۆتا دیداریشیان ڕۆژی 10ـی مانگی ڕابردو بو كە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی توركیادا كۆبونەوە.
|