وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی پێکهێنانی حکومەت داوایەک لە کورد دەکات

15   کاتژمێر پێش ئێستا  195 جار خوێنراوەتەوە

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هانی بەرپرسانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدەن، پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
 
ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، پێیان باشە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە دەستپێبکاتەوە، چونکە ئەو کارە تەنیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان باش نییە، "بەڵکو بڕوامان وایە لە بەرژەوەندیی هەرە باشی حکومەتی عێراق و بەغداشدایە. ژمارەیەک کۆمپانیای نێودەوڵەتیی نەوتیش هەن کە پەرۆشن ئەو بۆرییە بکەوێتەوە کار". 
 
ڤیکتۆریا تەیلەر لەبارەی کۆبووەنەوەی لەگەڵ بەرپرسانی کورد لە دیداری سلێمانی دەڵێت، باسم لە هەندێ پرسی نزیک لە یەک کرد بە درێژایی سەردانەکەم بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، لە نێویاندا لە کۆبوونەوەکانم لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی کورد، سەرنجم لەسەر پێکهێنانی خێرای حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.

هەروەها دەرفەتم هەبوو قسە لەسەر کارە لە پێشینەکانم بکەم لەبارەی نیگەرانییەکانی ناوچەکە، لەوانەش سووریا؛ هەروەها تیشکخستنە سەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشەکانمان دەتوانن چی بکەن بۆ ئەوەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا وەگەڕبخرێتەوە. ئەمە کارێکی لەپێشینەیە، نەوەک تەنیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بڕوامان وایە ئەوە لە بەرژەوەندیی هەرە باشی حکومەتی عێراق و بەغداشدایە. ژمارەیەک کۆمپانیای نێودەوڵەتیی نەوتیش هەن کە پەرۆشن ئەو بۆرییە بکەوێتەوە کار. 

وتیشی بەردەوامین لەوەی هانی هەموو لایەک بدەین بەخێرایی کار بکەن بۆ دۆزینەوەی زەوینە و پێگەیەکی هاوبەش کە پێویستە بۆ پێکهێنانی کابینە. پێم وایە لە رێگەی گفتوگۆکانم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی لەو بڕوایەدام تێگەیشتنێکی جیدی هەیە کە پێکهێنانی حکومەت بە زووترین کات لە بەرژەوەندیی خەڵکە و لە بەرژەوەندی هەردوو پارتەکەشە. بۆیە هیوادارین ئەوان بتوانن بەزووترین کات کابینەی نوێ پێکبهێنن، بەڵام بێگومان ئێمە گوێمان لەوە بوو کە گفتوگۆکان بەردەوامن، لەگەڵ ئەوەشدا گوێمان لە پەیامی گەشبینیانە و ویستێکی راستەقینە بوو لەلایەن هەموو پارتەکان کە قسەمان لەگەڵ کردن، بۆ پێکهێنانی حکومەت. 
 
ڤیکتۆریا تەیلەر سەبارەت بە گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا وتی، بە روونی ئەمانە بابەتگەلێکی زۆر ئاڵۆزن و ئێمە بەردەوام هانی هەردوو بەغدا و بەرپرسانی هەولێر دەدەین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گفتوگۆ بکەن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک. بە روونی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام مووچەی هەبێت. هەروەها پێمان وایە ئەوە لە بەرژەوەندیی عێراقی فیدراڵیشدایە کە هەرێمێکی کوردستانی عێراقی بەهێز و پتەوی هەبێت. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە