ئەنجوومەنی ئاسایش: هەندێ لایەن هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی پەک بخەن

18   کاتژمێر پێش ئێستا  53 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر خاڵەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئامێدی دەڵێت: هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن.
 
دوێنی دووشەممە، 28ـی نیسانی 2025، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە سنووری ئامێدی بە خاڵێکی هێزەکانی پێشمەرگە دا تەقییەوە و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە بریندار بوون. 
 
ئەمڕۆش 29ـی نیسان، لە هەمان شوێن بە درۆنێکی دیکە هێرش کرایە سەر خاڵێکی پێشمەرگە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە بریندار بوون. ئەنجوومەنی ئاسایش پشتڕاستی دەکاتەوە، لە هەردوو هێرشەکەدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون.
 
ئەنجوومەنی ئاسایش بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێک بهێنێت، دەڵێت: "گرووپێکی تیرۆریستی بە درۆن بنکەکانی پێشمەرگەیان کردووتە ئامانج." ئاماژە بەوەش دەدات، کە تەندروستیی پێشمەرگە بریندارەکان باشە، "پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە." 
 
دەشڵێت: "لە کاتێکدا کە پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و کۆنفرانسی یەکێتیی لایەنە کوردستانییەکان لە رۆژئاوا و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم خەریکە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن."
 
هاوکات، باس لەوە دەکات، "ئێمە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە، هۆشداری دەدەینە هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.. هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەن بۆ کاردانەوەی گونجاو بەرامبەر بە هەر هێرشێکی تێکدەرانە." 
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە