‎5 گورزی بەهێز لە لامین یامالەوە بۆ کیلیان ئێمباپێ

3   کاتژمێر پێش ئێستا  18 جار خوێنراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی لامین یامال تەمەنی تەنیا 17 ساڵە و کیلیان ئێمباپێ شەش بۆ حەوت ساڵ لەو گەورەترە و خاوەنی مۆندیالە، بەڵام لەم دوو ساڵەدا لامین توانیویەتی 5 لێدانی بە ئازار لە ئێمباپێ بدات.
 
کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید پێنج لێدانی ئازاربەخشی لە لامین یامالی یاریزانە لاوەکەی بارسێلۆناوە بەرکەوتووە، کە یاریزانە گەنجە ئیسپانییەکە ئاستێکی سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکات و لە یارییەکانی ئەم دواییە بەرامبەر بە رکابەرە فەرەنسییەکەی هەموو جارێک بە سەرکەوتوویی دەرکەوتووە.
 
نەک هەر ئەوە، بەڵکو لامین هەمیشە یەکلاکەرەوەتر بووە بۆ تیپەکەی و لە گرنگترین ساتەکاندا دەدرەوشاوەتەوە.
 
یامال جارێکی دیکە یەکێک بوو لە یاریزانە دیارەکانی بارسێلۆنا لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، کە تیپەکەی بەئەنجامی 3-2 لە تیپەکەی ئێمباپێی بردەوە.
 
بارسێلۆنا بۆ جاری 32 لە مێژووی خۆیدا نازناوی جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێنا و پێگەی خۆی وەک ئەو یانەیە بەهێزتر کرد کە زۆرترین نازناوی بەدەستهێناوە.

باڵادەستی یامال بەسەر ئێمباپێدا
 
تاوەکو ئێستا لامین یامال و کیلیان ئێمباپێ 6 جار لە یارییە فەرمییەکاندا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە و یامال لەو یارییانەدا 5 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 
دوو یاریی یەکەم ئەوکاتە بوو کە ئێمباپێ هێشتا لە یانەی پاریس سانجێرمان بوو، لە کاتێکدا یانە فەرەنسییەکە بەکۆی هەردوو یارییەکەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2023-2024ـی سەرکەوتوو بوو، بەڵام بارسێلۆنا یاریی یەکەمی بەئەنجامی 3-2 بردەوە، کە یامال تیایدا درەوشایەوە.
 
ئێمباپێ تەنیا یەکجار تامی سەرکەوتنی بەسەر یامالدا کردووە، لە یاریی گەڕانەوەدا لە یاریگای مۆنتجویک، کاتێک پاریس سانجێرمان بەئەنجامی 4-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئێمباپێش دوو گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام یامال لەو یارییەشدا کاریگەری هەبوو کاتێک تاکە گۆڵی بارسێلۆنای تۆمارکرد.
 
تاکە یاریی نێودەوڵەتییان لە قۆناخی پێش کۆتایی یۆرۆی 2024 بوو، کە هەڵبژاردەی ئیسپانیا سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای یارییەکەدا بە گۆڵێک لەدواووە بوو، بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە فەرەنسای بردەوە. ئەستێرەی بارسێلۆنا گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ ئیسپانیا تۆمارکرد.
 
لەو کاتەوەی لەسەردەمی هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانیدا رکابەرییەکە بەتەواوی لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا گۆڕاوە، بارسا بەتەواوی زاڵ بووە بەسەر رووبەڕووبوونەوەکانی ئیلکلاسیکۆدا، سەرەتا لە لالیگادا 4-0 لە ریال مەدریدی بردەوە، دواتر سەرکەوتنێکی گەورەی لەجامی سوپەری ئیسپانیادا بەدەستهێنا کاتێک 5-2 لێیبردەوە، لە دوایین جاریشدا سەرکەوتنێکی سەرنجڕاکێشی لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەدەستهێنا.
 
هەرچەندە کیلیان ئێمباپێ لە دوایین یارییدا توانی گۆڵێک تۆماربکات و ئاستێکی ەبرزی پێشکەش کرد، بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ ئەوەی بارسا و یامال جارێکی دیکە بەسەر خۆی و یانەکەیدا سەرکەوتن بەدەستنەهێنن. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە