ڕەنگە سیانەکەی ریال مەدرید لە کلاسیکۆی لالیگا بێبەش بکرێن

20   کاتژمێر پێش ئێستا  113 جار خوێنراوەتەوە

یانەی ریال مەدرید چاوەڕێیە چارەنووسی ئەو سزایە بزانێت کە پێشبینیکراوە لە دژی هەریەکە لە ئانتۆنیۆ رۆدیگێر، جود بێلینگهام و لوکاس ڤاسکێز بدرێت، پاشئەوەی لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا دەرکران.
 
لە کۆتاییەکانی یاریی کلاسیکۆی جامی شای ئیسپانیا، ئەو سێ یاریزانەی ریال مەدرید بەهۆی رەخنەگرتن لە ناوبژیوانی یارییەکە کارتی سووریان پێدرا و پێشبینیدەکرێت سزای تووند بدرێن.
 
ریال مەدرید یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیای دۆڕاند، پاشئەوەی بەرامبەر بارسێلۆنا 2 - 3 گۆڵ شکستی هێنا.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، ئەگەر سزای ئەو سێ یاریزانەی ریال مەدرید راگرتن بێت بۆ ماوەی چوار یاری، ئەو سێ یاریزانە لە چوار یاریی داهاتووی ریال مەدرید بێبەش دەبن و بەوەش ناتوانن بەشداریی کلاسیکۆی داهاتوو لە لالیگا ناکەن کە بڕیارە رۆژی 11ی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، دۆخی ڤاسکێز لە هەمووان روونترە و کەمتر ئەگەری سزای قورسی هەیە، پێشبینیکراوە بە راگرتن بۆ دوو یاریی سزا بدرێت، سزاکەس لە وەرزی داهاتووی جامی شای ئیسپانیا جێبەجێدەکرێت، بەو مەرجەی لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوام بێت.
 
لەبارەی سزای رۆدیگێرەوە، سەرچاوەکان دەڵێن پێشبینیکراوە کە سزاکەی تووندتر بێت، ئەوەش لەبەرئەوەی شتی گرتووەتە ناوبژیوان، ئەگەرچی بەری نەکەوت، بەڵام ئەو رووداوە دەکرێ بچێتە نێو چوارچێوەی بڕگەی 100ی یاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا کە بە (هەڕەشە و تووندوتیژی بەرامبەر یەکێک لە دەستەی ناوبژیوانان) یان بڕگەی 101ی هەمان یاسا کە رووداوەکە بە (هەڵسوکەوتی تووندوتیژیی سووک بەرامبەر بەناوبژیوان).
 
بەپێی یاسا ئیسپانییەکە، ئەو دوو هەڵسوکەوتە سزاکەیان لە نێوان راگرتن لە چوار تاوەکو 12 یارییە.
 
ئەگەر سزاکە بەو شێوەیە بێت، دەبێ رۆدیگێر لە پاڵەوانێتییە نێوخۆییەکانی ئیسپانیا سزاکەی وەربگرێت و بەوەش بەشداری لە کلاسیکۆی داهاتوو ناکات.
 
هەروەها دەکرێ ئەو یاریزانە سزای زیاتری بەسەردا بسەپێنرێت بەهۆی تووندوتیژی پاش دەرکردنەکەی، چونکە وەک دوو حاڵەتی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
هەرچی جود بێلینگهامە، سەرچاوەکان دەڵێن وێڕای ئەوەی کە ناوبژیوان لە راپۆرتەکەیدا گوتوویەتی کە هەڵسوکەوتی تووندی بەرامبەر ئەنجامداوە، بەڵام هیچ حاڵەتێکی دیاریکراوی ئاماژە پێنەداوە وەک جنێودان یان هەڵدانی شت، بەوەش تۆمەتباردەکرێت بە بێڕێزی بەرامبەر ناوبژیوان و دەکرێ سزاکەی لەنێوان دوو تاوەکو سێ یارییدا بێت.
 
پێشبینیکراوە سزاکەی جودیش لە وەرزی داهاتووی جامی شای ئیسپانیا جێبەجێ بکرێت.
 
ریکاردۆ دی بۆرگۆس، ناوبژیوانی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، لە راپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەهۆکاری دەرکردنی سیانەکەی ریال مەدرید داوە.
 
ئەو ناوبژیوانە دەڵێ، ئانتۆنیۆ رۆیگێر دەرکراوە، چونکە لە نزیک ناوچەی یەدەگەکانەوە، تەنێکی گرتووەتە ناوبژیوان، بەبێئەوەی بەری بکەوێت.
 
ئاماژەی بەوەشداوە کە دوای کارتە سوورەکە، بەتووندوتیژییەوە هەوڵیداوە بگاتە ناوبژیوان، کەسانی چواردەوری گرتوویانە.
 
لەبارەی بێلینگهامەوە ناوبژیوانەکە دەڵێ، دوای یارییەکە بەرەوڕووم هات بەتووندی، بەڵام هاوکارەکانی رێگەیان لێگرت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە