بەشێک لە فەرمانبەرانی گرێبەست نزیکەی 8 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە

5   کاتژمێر پێش ئێستا  42 جار خوێنراوەتەوە

لەکۆتایی ساڵی رابردوو ژمارەیەک فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست لە سەر وەزارەتە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون، بەڵام نزیکەی هەشت مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، 19ی ئاداری رابردوو ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی راسپاردووە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە، بەڵام چارەسەر نەبووە.
 
بەشێک لەو فەرمانبەرانە رایانگەیاندووە، "لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە وەکو فەرمانبەری گرێبەست دەستبەکاربووین و دەوام دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەمان بۆ جەرج نەکراوە." ئەو فەرمانبەرانە نیگەرانن لەوەی کە ماوەی هەشت مانگە کاردەکەن بێ ئەوەی هیچ مووچەیەکیان وەرگرتبێت، لەکاتێکدا خێزاندارن و لە دۆخێکی سەختدا دەژین.
 
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە میدیای پارتی راگەیاند: "نزیکەی 200 فەرمانبەرمان هەن کە گرێبەستن و لە ناوەڕاست و کۆتایی پار دامەزراون، لەکاتی ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا، ناوی گرێبەستە نوێیەکان دەرهێنرا."
 
وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکرد: "لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی رابردوو، بڕیاردرا بابەتی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە لە داهاتی ناوخۆ دابین بکرێت."
 
وتەبێژی وەزارەتی کار دڵنیایی دا کە "ئێستا بابەتەکە لە وەزارەتی داراییە و بڕیار وایە بە زوویی چارەسەر بکرێت، چونکە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە."

بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە 19ی ئاداری 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپێردراوە "کاری پێویست بۆ دابینکردنی مووچە و چارەسەرکردنی گرفتی خەرجنەکردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە بکات."
 
پێشتریش بەشێک لەو فەرمانبەرانەی وەکو پۆلیس بەشێوەی گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ دامەزرابوون، گلەیی ئەوەیان کردووە، سەرەڕایی دامەزارندنیان بەشێوەی گرێبەست، بەڵام مووچەیان بۆ خەرج نەکراوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە