ڕۆژی رابردوو پێنج سەربازیی ئەمەریكی بە مووشەكی ئێران بریندار بوون

2   کاتژمێر پێش ئێستا  46 جار خوێنراوەتەوە

لە 24 کاتژمێری رابردوودا بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەی مووشەکێکی بالیستیی ئێران لە بنکەیەکی ئاسمانی لە کوێت، چەند ئەمریکییەک بریندار بوون و دوو درۆنی هێرشبەری جۆری MQ-9 زیانی گەورەیان بەرکەوت. 
ئەوەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی رێککەوتنێک دەکات بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستە ناسکەکەی نێوانیان لەگەڵ ئێراندا.

لە راپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوی کردووەتەوە، پێگەی بلوومبێرگی ئەمریکی ئاماژە بەوەدەکات، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی کوێت مووشەکێکی ئێرانیی جۆری فاتح-110ی تێکشکاندووە، بەڵام پاشماوەی مووشەکەکە کەوتووەتە خوارەوە و بەر بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم کەوتووە.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە بەهۆی رووداوەکەوە، پێنج ئەمریکی، کە پێکهاتوون لە بەڵێندەر و سەرباز، بە سووکی بریندار بوون؛ هەروەها درۆنێکی جۆری ریپەر بەتەواوی تێکشکاوە و یەکێکی دیکەش زیانی گەورەی بەرکەوتووە، کە تێچووی دروستکردنی هەر یەکێک لەو درۆنانە نزیکەی 30 ملیۆن دۆلارە.

تاوەکو ئێستا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر رووداوەکە نەداوە.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، ئەمریکا تاوتوێی رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا دەکات بۆ درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستەی لە مانگی نیسانەوە راگەیێندراوە، هەرچەندە لەو ماوەیەشدا هەردوولا بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر یەکدی.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە