رێژەی قوربانیکردن لە سلێمانی زیادیکردووە
16 کاتژمێر پێش ئێستا
273 جار خوێنراوەتەوە
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی رایدەگەیێنێت، رێژەی سەربڕینی ئاژەڵ لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە و هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگەکان.
د. شاڵاو عارف بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی رایگەیاند، "رۆژی یەکەمی جەژنی قوربان نزیکەی 400 ئاژەڵی بچووک و 45 ئاژەڵی گەورە سەربڕدراون، لەکاتێکدا پار ساڵ لە هەمان رۆژدا 243 ئاژەڵی بچووک سەربڕدرابوون، نزیک دەبینەوە لە نیو تەن پاشماوەی گۆشت و هەمووی بەشێوەیەکی زانستی لەنێودەبرێت."
بەڕێوەبەری کوشتارگەی سلێمانی سەربڕینی ئاژەڵی لەنێو ماڵان و سەر شەقامەکان بە کارەساتێکی گەورە ناوبرد و وتی، "ئەم کارە دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی خاک و ئاو، پیسبوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، جگە لە تای خوێنبەربوون چەندین نەخۆشیی دیکەش هەن کە بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەی ناتەندروست بڵاودەبنەوە."
د. شاڵاو عارف رێنمایی هاووڵاتیانی کرد کە لەکاتی کڕینی ئاژەڵدا دڵنیابنەوە "گەنەی لەسەر نەبێت، فرمێسک بەچاوی نەهاتبێت، دانی جیڕ نەکردبێتەوە و سەری بەدیواردا نەکێشابێت."
|