لە جەژندا نزیکەی 2500 ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان بۆ قوربانی سەربڕدراون

1     کاتژمێر پێش ئێستا  43 جار خوێنراوەتەوە

لە رۆژانی جەژندا نزیکەی 2500 ئاژەڵ لە سەربڕخانەکانی چوار شاری هەرێمی کوردستان بۆ قوربانی سەربڕدراون

لە سێ رۆژی جەژندا زیاتر لە هەزار و 100 ئاژەڵ بۆ قوربانی لە شاری هەولێر لە سەربڕخانە سەربڕدراون؛ لە هەڵەبجە نزیکەی 550 ئاژەڵ سەربڕدراون
کەمترین قوربانیش لە سەربڕخانەی کەرکووک بووە و بەڕێوەبەرەکەی دەڵێ، ئەمرۆ سەربڕخانەیان داخستووە.

بەگوێرەی ئاماری سەربڕخانەکان ، لە سێ رۆژی جەژندا لە شاری هەولێر هەزار و 104 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون؛ لە پارێزگای هەڵەبجە 543 سەر و لە کەرکووک 200 سەر ئاژەڵ بۆ قوربانی سەربڕدراون. لە سلێمانی تەنیا رۆژی یەکەمی جەژن 450 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون.

هاوکات، لە سێ رۆژی جەژندا هەزار و 621 کیلۆ گۆشت بەهۆی نەشیاوی لە سەربڕخانەی هەولێر رەتکراوەتەوە و لەنێوبراوە.

هەروەها لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دوو سەربڕخانە هەن؛ یەکێکیان لە خورماڵە و ئەوی دیکە لە شاری هەڵەبجە.

دکتۆر دڵنیا فارووق، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری هەڵەبجە بە میدیاکانی راگەیاند، "لە هەردوو کوشتارگەکە تا ئەمڕۆ 543 سەر ئاژەڵ بۆ قوربانی سەربڕدراون. جگە لەوانە 64 سەریش بۆ گۆشتفرۆش و چێشتخانەکان سەربڕدراون."

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەردوو سەربڕخانەکەی سنوورەکەیان بەهۆی شیاونەبوونەوە هەزار و 200 کیلۆ گۆشتیان رەتکردووەتەوە.

هەروەها بەڕێوەبەری سەربڕخانە کەرکووک، رایگەیاندووە "ئەم ساڵ کەمترین قوربانیی لای ئێمە کرا، بە جۆرێک لە سێ رۆژدا تەنیا 200 ئاژەڵمان سەربڕی بەڵام هەزاران کەس لە ماڵ و بازاڕەکان بەشێوەیەکی ناتەندروست ئاژەڵیان بۆ قوربانیی سەربڕی."

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە