لەسەر ڕەتكردنەوەی خۆپیشاندان، پارێزگاری هەولێر دەدرێتە دادگا
2025-04-13
241 جار خوێنراوەتەوە
دوای ئەوەی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و هاوڵاتی شاری هه‌ولێر داوای پێدانی مۆڵه‌تیان له پارێزگاری هه‌ولێر كرد به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی گردبونه‌وه بۆ پشتیوانی غەززە و پارێزگار داواكەی ڕەتكردەوە، یەكێك لە داواكارانی گرتبونەوەكە ڕایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی بەبێ هۆكار داواكەمان ڕەتكراوەتەوە، لەدادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر سكاڵا لەسەر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر تۆماركرا".
د. رەعد رەفعه محەمەد، مامۆستا زانكۆ و یەكێك لەو كەسانە كە داوای مۆڵەتی بۆ گرتبونەوەكە لە شاری هەولێر كردوە ئەمڕۆ یەكشەممە بەمیدیای یەکێتی ڕاگەیاند، "لەدادگای هەولێر تانەماندا لەبڕیاری پارێزگاری هەولێر و نامەیەکی فەرمیشمان بۆ یۆنامی لەهەولێر ئاراستەکردن و بەفەرمیش وەریانگرت".
بەگوێرەی دەقی تانەكە كە هەریەكە لە د. رەعد رەفعه محەمەد، مامۆستا زانكۆ و خانزاد محەمەد، ژنی ماڵەوە و یوسف ئەحمەد، خانەنشین و ڕەوەند بەكر، پارێزەر ئاراستەی دادگای تێهەڵچو نەوەی هەولێر كراوە و تێدا هاتوە، "پالپشت بە خاڵی (2)ـی برگەی (یەکەم)ـی ماددەی (سێیەم)ـی یاسای ژمارە (11)ـی ساڵی 2010 یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان - عێراق لە ڕۆژی 8ـی (نیسان/4) داواکەمان ئاراستەی پارێزگاری هەولێر کرد بو، بۆ ئەوەی مۆڵەتی ڕێکخ ستنی گردبو نەوەیەکی هێمانەمان پێبدات لە پێش بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان لە هەولێر".
دەشڵێت، "گردبونەوەكە بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی خەڵکی هەولێر بو بۆ ئاشتی و ڕاگرتنی جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و جەنگی کەرتی غەززەی فەلەستینی بەتایبەت و داواکاری خۆمان بگەیەنین بە UN بۆ بەهاناچونی مرۆیانە بە دانیشتوانی مەدەنی کەرتی غەززە، بەڵام پارێزگار داواکەی ڕەتکردەوە. بۆیە پشت بەستن بە یاسای ئاماژەپێکراو، داوا لە دادگای بەڕێزتان دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پارێزگار".
بەگوێرەی تانەكە، "پارێزگار بەبێ ھیچ پاساوێکی یاسایی و ڕون داواکەی ئێمەی ڕەتکردوەتەوە. ئەمەش پێچەوانەی ماددە و بڕگەكانی یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندانە. هەروەها پاریزگار بەنوسراوی فەرمی وەلامی داواکەی ئێمەی نەداوەتەوە و تەنانەت ئامادەنەبوە ژمارە و بەرواری نوسراوەکەمان پێبدات، ئەمەش پێچەوانەی بڕگەی (حەوتەم)ی ماددەی (حەوتەم)ی یاسای ئاماژەپێکراوە.
ئەوەشی خستەڕو، "داواکردنی گردبونەوەی ھاوڵاتیان مافێکی پارێزراوە لەلایەن دەستوری عێراقی ساڵی 2005 و یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان 2010. بۆیە داواکارین لە بەڕێزتان بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاریزگار و پێدانی مۆڵەتی گردبونەوەکە لەڕۆژی ھەینی 18ـی (نیسان/4) بە لەبەرچاوگرتنی لەدەستچونی بەرواری 11ـی (نیسان/4)؛ چونکە کاتەکەی بەسەرچوە. دوبارە پێ‌زانین لای دادگای بەڕێزتانە".
ئەوە لەكاتێكدایە ڕۆژی 8ـی ئەم مانگە ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و هاوڵاتی شاری هه‌ولێر داوای پێدانی مۆڵه‌ت له پارێزگاری هه‌ولێر كرد به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی گردبونه‌وه له‌به‌رده‌م نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له پێناو گه‌یاندنی په‌یامی خه‌ڵكی هه‌ولێر بۆ ئاشتی و راگرتنی جه‌نگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
به‌گوێره‌ی نوسراوێك، ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و هاوڵاتی شاری هه‌ولێر داوایان له پارێزگاری هه‌ولێر كردبو بۆ پێدانی ڕه‌زامه‌ندی به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و وتبویان، "ره‌زامه‌ندی بفه‌رمون مۆڵه‌تی رێكخستنی گردبونه‌وه‌یه‌كی هێمانه له‌پێش باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له هه‌ولێر".
ئاماژه‌یان بەوەشكردبو، ئامانجی گردبونه‌وه‌كه "گه‌یاندنی په‌یامی خه‌ڵكی هه‌ولێره بۆ ئاشتی و راگرتنی جه‌نگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و جه‌نگی سه‌ر كه‌رتی غه‌زه‌ی فه‌ڵه‌ستینی به‌تایبه‌ت وداواكاری خۆمان بگه‌یه‌نین به UN بۆ به‌هاناچونی مرۆیانه به‌دانیشتوانی سڤیلی كه‌رتی غه‌ززه".
|