ئەحمەد شەرع کوردێک دەکاتە قایمقامی عەفرین
2025-04-13
314 جار خوێنراوەتەوە
کەسێک وەک کەسی یەکەم لە عەفرین دیاریکراوە. بەرپرسی ئەنەکەسە لە شارەکە دەڵێت: "کەسەکە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دانراوە و کوردەو خەلکی قامیشلۆیە".
بەرپرسێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین دەڵێت: "هێشتا ئاڵۆزی لە عەفرین ماوە. دوای ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، دزیکردن و رووداوی نەخوازراوی دیکە زیادیان کردووە".
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین، بەمیدیای پارتی وت: "کەسێک بەناوی مەسعود بەتال وەک قایمقام و کەسی یەکەم لە شاری عەفرین لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریاوە دیاریکراوە و دەسەڵاتی وەرگرتووە".
بە وتەی ئەحمەد حەسەن، ئەو کەسە خەڵکی قامشلۆیە لە رۆژئاوای کوردستان؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "قایمقامە نوێیەکە کوردییەکی باش دەزانێت".
11ـی ئەم مانگە، بەرەی کوردستانی لە سووریا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دیاریکردنی کەسێک بۆ بەڕێوەبردنی عەفرین هەنگاوێکی نادروستە و دژی بنەمای نامەرکەزی و بەشداریپێکردنی خەڵکە لە بەڕێوەبردنی نێوخۆدا؛ هەروەها نیشانەی بەردەوامیی هزری مەرکەزی رژێمی پێشووە".
لەو بارەیەوە بەرپرسەکەی ئەنەکەسە لە عەفرین وتی: "ئێمەش لەگەڵ فیدراڵی و ناناوەندیداین، داوا دەکەین هەموو پێکهاتەکان لە شارەکان کەسانی خۆیان شارەکە بەڕێوەببەن نەوەکو کەسی دیکە. بەڵام ئەوەی لە گۆڕەپانەکەیە جیایە لەوەی ئێمە دەمانەوێت".
|