جۆر و نیشانەكانی ئێسکی زیادەی مل كامانەن؟
2025-02-10
45 جار خوێنراوەتەوە
پسپۆڕێکی نەشتەرگەری سینگ و دڵ دەڵێت، ئێسکی زیادەی مل سێ جۆری هەیە كە بریتین لە پەستانی سەر دەمار، پەستانی سەر لوولەی خوێن و پەستانی سەر خوێنبەر، كە ئەم جۆرەیان کەمترین ڕێژەی هەیە کاتێک ڕوودەدات خوێن بەر دەکەوێتە ژێر بازنەی سنگ.
د. ڕەوەند عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی نەشتەرگەری سینگ و دڵ بۆرییەکانی خوێن لە نووسینێكدا ئاماژە بە جۆر و نیشانەكانی ئێسکی زیادەی مل دەكات و بەم شێوەیە باسی دەکات:-
جۆرەکانی کۆ نیشانەی دەرچەی سنگ:-
یەكەم– پەستانی سەر دەمار.
ئەم جۆرە باوترین جۆری کۆنیشانەی دەرچەی سنگە کە پەستان ئەکەوێتە سەر جۆرێک دەمار کە پێی ئەڵێن (brachial plexus) کە لە دڕکە پەتکەوە دێت، كۆنتڕۆڵی جوڵەی ماسولکەکان و هەستەکان لە شان و قۆڵ و دەست دەکات.
نیشانەکانی جۆری پەستانی سەر دەمار ئەمانەن:-
– مێروولەکردن و سڕبوونی قۆڵ و پەنجەکان.
– ئازاری مل ، شان ،قۆڵ و پەنجەکان.
– ماندووبونی قۆڵ کاتی جوڵە و ئیشکردن.
– لاوازبوون لە توانای گرتن.
دووەم– پەستانی سەر لوولەی خوێن.
(venous Thoracic outlet syndrome)
ئەم جۆرە لە کۆنیشانەی دەرچەی سنگ ڕوو دەدات کاتێک لوولە خوێنێک یان زیاتر پەستانی دەکەوێتە سەر لە ژێر بازنەی سنگ.
* نیشانەکانی پەستانی سەر لوولەی خوێن:
– گۆڕان لە ڕەنگی دەست یان پەنجەکان.
– ئازاری قۆڵ و دەست و ئاوسانی.
سێیەم- پەستانی سەر خوێنبەر(Arterial Thoracic outlet syndrome).
– ئەم جۆرەیان کەمترین ڕێژەی هەیە کاتێک ڕوودەدات خوێن بەر ئەکەوێتە ژێر بازنەی سنگ.
* نیشانەکانی پەستانی سەر خوێنبەر:
– ساردبوونی قۆڵ و دەست و پەنجە.
– ئازاری دەست و قۆڵ.
– گۆڕانی ڕەنگی دەست و پەنجەکان.
– لاوازی شوێنی توش بوون.
|