لەکاتی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی جەستەی منداڵ چی بكرێت؟

2025-02-06  141 جار خوێنراوەتەوە

پزیشكێکی پسپۆڕی منداڵان دەڵێت، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستەی مناڵ زۆر جــار بەهۆی تووشبوونە بە پەتایەکی ڤـایـرۆسی ڕوودەدات و زۆر گرنگە لەوکاتەدا دەرمانی دژە تا ( پاراسیتامۆل- پرۆفین ) بەکاربهێنی بە بڕێکی گەونجاو بۆ کێش و تەمەنی منداڵەکە.

دکتۆر گه‌شبین كاوه پزیشكی پسپۆڕی منداڵان و تازه‌ له‌دایكبووان و گه‌شه‌ لە نووسینێكدا چەند هەنگاوێك دەخاتەڕوو كە دەبێت و دایكان و باوكان لەكاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستەی منداڵ بیگرنەبەر.

دەقی نووسینەكەی :-

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستەی مناڵ زۆر جــار بەهۆی تووشبوونە بە پەتایەکی ڤـایـرۆسی ڕوودەدات.

زۆر گرنگە لەوکاتەدا دەرمانی دژە تا ( پاراسیتامۆل- پرۆفین ) بەکاربهێنی بە بڕێکی گەونجاو بۆ کێش و تەمەنی منداڵەکە.

بەکارهێنانی گەرمیپێو و تۆمارکردنی، تا لەکاتی سەردانی پزیشکدا بزانی پلەی گەرمییەکەی چەند بووە.

لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستەی منداڵ پێویستە لە ئەنجامدانی ئەم كارانە بەدووربن:-

یەكەم- بەکارهێنانی ئاوی سارد بۆ فێنکردنەوەی مناڵەکە، دەبێ بە ئاوێکی شلەتێن فێنکی بکەیتەوە.

دووەم- نابێ چەند پارچەیەکی زۆر جل لەبەری مناڵەکە بکرێ، پێویستە تەنها یەک پارچە جلی تەنکی لەبەردابێ.

سێیەم- نابێ دوو جۆر دەرمانی دابەزاندنی تا بەکاربهێنرێ لە یەک کاتدا یان ئەو دەرمانانەی کە لە یەک دەرمان زیاتری تیایە.

چوارەم- دەرمانی دژە هەوکردن بەکارمەهێنە بەبێ ڕێنمایی پزیشک، چونکە زۆربەی پەتاکان بەهۆی توشبونە بە ڤایرۆسەوە کە سوود لە دەرمانی دژە بەکتریا وەرناگرێ چەند زیانێکی لاوەکی بۆ مناڵەکە درووست دەکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە