هۆکارەکانی بۆنی دەم چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟

57   خولەک پێش ئێستا  37 جار خوێنراوەتەوە

دکتۆر سۆلاڤ فەرەیدوون، پزیشکی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی دەم و ددان چەند رێگەیەکی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی بۆنی ناخۆشی دەم ئاشکرا دەکات.

ئەو پزیشکە لەبارەی بۆنی ناخۆشی دەم وەڵامیی چەند پرسیارێک دەداتەوە و دەڵێت: ئەگەر بۆنەکە درێژەی کێشا، پێویستە زوو چارەسەر بکرێت، چونکە رەنگە کێشەکە تەنیا دەم و ددان نەبێت.

هۆکارەکانی بۆنی دەم چین؟

د.سۆلاڤ فەرەیدوون هۆکارەکانی بۆنی ناخۆشی نێودەم دەکرێت ئەمانەی خوارەوە بن

- پاکنەکردنەوە و نەشووشتنی دەم و ددان.
- نەخۆشییەکانی پووک.
- کۆبوونەوەی بەکتریا لەسەر زمان.
- وشکبوونەوەی نێودەم و کەمیی لیک.
- خواردنی (سیر، پیاز، قاوە و کحول).
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان، چونکە نێودەم وشک دەکەنەوە.
- نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی جگەر.
- هەوکردنی لووت و قوڕگ یان بوونی بەکتریای گەدە.

بۆنی دەم چۆن بێت پێویستیی بە چارەسەر هەیە؟

ئەگەر بۆنی دەم لە بەیانیان بێت و دوای شووشتنی دەم و ددان نەمێنێت، پێویستی بە چارەسەر نییە، بەڵام ئەگەر بۆنەکە دوای شووشتنی دەم و ددانیش نەڕوات و هەوکردنی پووک هەبێت، ئەوا پێویستیی بە چارەسەر و لای پزیشک هەیە.

مادەی پڕکردنەوەی ددان بۆنی ناخۆش دروستناکات، بەڵام ئەگەر پڕکردنەوەکە شکابێت و لە دەوریدا بۆشایی هەبێت یاخود بە شێوەیەکی نادروست دانرابێت، خۆراک لەنێویدا کۆ دەبێتەوە و ئەوە بۆن دروستدەکات.

بۆ ئەوانەی کێشەی بۆنی ناخۆشی دەمیان هەیە، باشترە هەویرێکی ددان بەکاربهێنن کە فلۆرایدی تێدابێت، یان هەویرەکە مادەی دژەبەکتریا و کەمکردنەوەی بۆنی هەبێت. بەڵام ئاگاداربن کە هەویری ددان چارەسەری بنبڕی کێشەکە نییە و پێویستە هۆکارەکەی چارەسەر بکرێت.

چۆن بۆنی دەم لە بەیانیاندا نەهێڵدرێت؟

بۆ کەمکردنەوەی بۆنی دەم لەبەیانیاندا باشترە پێش خەوتن، ددانەکان بە پەتی ددان پاک بکرێنەوە، پاشان بشۆردرێن و بایەخیش بە پاککردنەوەی زمان بدرێت. گرنگیش هۆکارە بنەڕەتییەکەی بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بەتواوی چارەسەر بکرێت.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە