حکومەتی ئیسپانیا: کلاسیکۆ زۆر مەترسیدارە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
15 جار خوێنراوەتەوە
لیژنەی هەمیشەیی سەر بە لیژنەی حکومەتی ئیسپانیا بۆ قەڵاچۆکردنی تووندوتیژی، رەگەزپەرستی و رق لێبوونەوەی بیانییەکان و دەمارگیری لە وەرزشدا، یاریی کلاسیکۆی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدریدی بە 'زۆر مەترسیدار' ناوبردووە.
یەکەم کلاسیکۆی ئەمساڵ لە نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید، رۆژی 25ی ئەم مانگە لە یاریگای کامپ نو بەڕێوەدەچێت. بارسێلۆنا هەوڵی بەرزکردنەوەی جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدرید دەدات، لە کاتێکدا ریال دەیەوێت شەش خاڵەکەی نێوانیان، بۆ سێ خاڵ کەمبکاتەوە.
بەپێی پرۆتۆکۆی کارپێکراوی ئیسپانیا، پۆلێنکردنی یارییەکە بە 'زۆر مەترسیدار' مانای ئەوەیە کە پێویستە رێوشوێنی پاراستن، رێکخستن و ئاسایشی زیاتر لە یارییەکەدا بگیرێتە بەر، لە نێویاندا، چاودێریی زیاتری دەروازەکانی یاریگا، جیاکردنەوەی هاندەرانی هەردوو یانە لە یەکدی، پتەوکردنی بڵاوبوونەوەی هێزە ئاسایشپارێزەکان لە چوادەوری یاریگا، لەگەڵ سەپاندنی رێوشوێنی تووندتر لەکاتی فرۆشتنی بلیتی یارییەکان.
دەسەڵاتداران ترسیان لەوە هەیە، مشتومڕ و ململانێی تووندی ئەمساڵی نێوان هەردوو یانە، ببێتە هۆکاری سەرهەڵدانی تووندوتیژی لە نێوان هاندەرانی هەردوولادا.
لە دوایین دوو کلاسیکۆدا، بارسێلۆنا سەرکەوتنی بەسەر ریال مەدریددا بەدەستهێناوە، یەکەمیان بە 3 - 2 گۆڵ لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، دووەمیان لە کلاسیکۆی گەڕانەوە لە لالیگا، بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، لەسەر یاریگای کامپ نو.
|