" بازرگانان یاری بە نرخ بکەن سزای توندی یاسایی دەدرێن"
1 کاتژمێر پێش ئێستا
170 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت رێگا نادەن هیچ بازرگانێک گۆڕینی بەهای دینار بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربێنێت و کاڵاکان گران بکات جەختیش دەکاتەوە "هەر کەسێک یاری بە نرخ بکات یان کاڵا قۆڕخ بکات، رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە."
محەممەد حەنوون، راوێژکاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رایگەیاند: "پاراستنی توانای کڕینی هاووڵاتییان و ئاسایشی خۆراک لە کارە لەپێشینەکانمانن؛" ئاماژەی بەوەشکرد: "وەزارەت توانای چاودێریکردنی بازاڕی هەیە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوئاهەنگی دەکەین بۆ رێگریکردن لە هەر بەرزبوونەوەیەکی بێ پاساوی نرخ."
راوێژکارەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە رووداوی وتووە: "نابێت دابەزاندنی بەهای دینار ببێتە پاساو بۆ زیانگەیاندن بە بەکاربەران". محەممەد حەنوون گوتی: "وەزارەت وردبینی دەکات بۆ ئەوەی جیاوازی بکات لەنێوان ئەو زیادبوونەی کە بەهۆی تێچووی هاوردەکردن و گواستنەوەوە دروست دەبێت، لەگەڵ ئەو زیادبوونە دەستکردەی کە بازرگانان بۆ قازانجی نایاسایی دەیسەپێنن".
محەممەد حەنوون ئاماژەی بەوەشکردووە: "بەردەوام دەبین لە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە و ئارد بە شێوەیەکی رێکخراو، تاوەکو هاوسەنگیی بازاڕ بپارێزرێ؛ هەروەها کاری تیمی چاودێرییەکان چڕتر دەکرێتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە قۆرخکاریی کاڵاکان بگرین".
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: "سەرکەوتنی هەر هەنگاوێکی ئابووری تەنیا بە ئامانجە داراییەکان ناپێورێت بەڵکو دەبێت هاوسەنگی لەنێوان پێداویستییەکانی دەوڵەت و بژێویی خەڵکدا دروست بکات.
|