بۆچی ئان کارسن خەڵاتی نۆبڵی لە بواری وێژەدا پێدرا؟

1     کاتژمێر پێش ئێستا  25 جار خوێنراوەتەوە

ئان کارسن، خەڵاتی نۆبڵی وێژەی ساڵی 2026ی پێبەخشرا. کارسنی شاعیر، وەرگێڕ و کلاسیکزانی کەنەدیی تەمەن 76 ساڵ، لە ئایسلاند بوو، کاتێک هەواڵەکە بڵاوبووەوە. ئەکادیمیای سوێدی ستایشی کۆی بەرهەمە "بوێر و داهێنەرانەکانی" کارسنی کردووە بۆ "دیالۆگەکەی لەگەڵ نەریتی کلاسیکی"، کە لە رێگەیەوە "شێوازی نوێی بۆ وێژەی هاوچەرخ" داڕشتووە.

کارسن لە کتێبەکانیدا وەک رۆمانەشیعری (ژیاننامەی سوور)ی ساڵی 1998 (کە نزیکەی 100,000 دانەی تەنیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لێ فرۆشراوە)، کۆمەڵە شیعرییەکەی ئەم دواییەی (نۆرمای هەڵە) (2024)، و یەکەم بەرهەمی (ئیرۆسی تاڵ و شیرین)ی ساڵی 1986 – کە گوتارێکی درێژە لەسەر خوداوەندی خۆشەویستی –تەحەدای رێسا فەرمییەکان دەکات.

گێڕانەوەی کارسن خۆی لەبارەی ئەوەی زمان چی پێدەکرێ، دەڵێ: "وشەکان دەتوانن بەلارێدا بپرژێن، بێدەنگ و شێتانە. تۆ پێت وایە وشەکان ئامراز یان یاری یان گیانەوەری ماڵین و لە پڕێکدا هەموو جلەکانت دەسووتێنن و تۆ لەوێدا سووتاو و گاڵتەجاڕانە لەبەر رووناکیی هەورەبرووسکەکەدا رادەوەستیت."

'ئاسانترین شاعیری سەخت

کارسن لە ساڵی 1950 لە تۆرۆنتۆ لەدایکبووە، لە زانکۆی تۆرۆنتۆ خوێندنی کلاسیکی تەواو کردووە و دواتر بووەتە مامۆستای زمانی یۆنانیی کۆن. بیرۆکەی کتێبی (ئیرۆسی تاڵ و شیرین) لە باکگراوندە ئەکادیمییەکەیەوە سەرچاوەی گرتووە.

کارسن، کە زیاتری کاتەکانی لە نێوان شاری (ئان ئاربەر) لە میشیگنی ئەمریکا و ئایسلاند بەسەردەبات، بەوە ناسراوە کە حەزی لە ژیانی تایبەتییە. بەڵام لە وتارێکدا لە ساڵی 2024 ئاشکرای کرد کە نەخۆشیی پارکینسۆنی هەیە و خەمی بۆ لەناوچوونی دەستوخەتەکەی و لەدەستدانی ئەو چێژە دوورودرێژەی خوارد کە لە پڕکردنەوەی 'رەفە دوای رەفە'ی دەفتەرەکانیدا هەیبوو.

کارسن چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە. بۆ نموونە، یەکەم ژن بوو خەڵاتی (تی ئێس ئێلیەت) بۆ کۆمەڵە شیعری (جوانیی مێردەکە)ی بەدەستهێنا.

لۆلا سیتنی رەخنەگر لەبارەی ئەو شاعیرەوە دەڵێ: "نزیکەی هەموو شتێک کە کارسن دەینووسێت لە یەک کاتدا لەسەر چەند شتێکە و بە شێوەیەکی پێکەوەبەستراو مێژووی بیری رۆژئاوایی دەگرێتەوە."

بەڵام ئەو زانیارییە قووڵە بە ئاسانی لەگەڵ گێڕانەوە شیعری و راستەوخۆکانی هەست و ئەزموونی مرۆڤدا جێی دەبێتەوە. ئەمە رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ روونکردنەوەی سەرنجڕاکێشیی ئەو شاعیرە بۆ ئەو خوێنەرانەی کە لەوانەیە بە پێچەوانەوە ئەم چڕییە فیکرییە و تاقیکارییە ئاشکرایە بە ترسێنەر – یان تەنانەت ناخۆش بزانن. ئێلیسا گابێرت، ستووننووسی شیعر لە نیویۆرک تایمزدا ناوی ناوە "ئاسانترین شاعیری سەخت".

لای کارسن، هەڵوەشاندنەوەی ژیانێکی هاوژینی دەتوانێت ببێتە رێگەیەک بۆ تاقیکردنەوەی گوتەکەی جۆن کیتس، شاعیری بەریتانی کە دەڵێ "جوانی، راستییە". دێوێکی کۆن دەتوانێت گەورە بێت و ببێتە هەرزەکارێک کە کێشەی لەگەڵ سێکسوالیتیدا هەیە. ماریلین مۆنرۆ دەتوانێت وەک هێلینی ترۆی وێنا بکرێتەوە. وتارێکی کورت لەسەر ئۆدیسەی هۆمەر دەتوانێت ببێتە هۆی بیرکردنەوەکانی شاعیر جۆن ئاشبێری لەسەر گرنگیی رووناکی.

لە کوێوە دەست پێبکەین؟

بۆ ئەو خوێنەرانەی یەکەمجارە کارسن دەخوێننەوە، (ژیاننامەی سوور) دەستپێکێکی باشە. داڕشتنەوەی ئەفسانەیەکی کۆن لەم بەرهەمەدا، هەستیاریی هونەریی ئەو نیشان دەدات و دەری دەخات کە چەندە حەزە زانستییەکانی و هەوڵە خەیاڵییەکانی تێکەڵاون.

دەقەکە پشتی بە بەرهەمی (ستێسیکۆرۆس)، شاعیری شیعری یۆنانیی کۆن بەستووە، کە گێڕانەوەکەی بۆ دێوی (گێریۆن) تەنیا لە چەند پارچەیەکدا ماوەتەوە. لە وەشانی پاڵەوانێتیی ناسراوی ئەفسانەکەدا، هێراکلیس گێریۆن دەکوژێ و ماڵاتەکەی دەبات.

(ستێسیکۆرۆس) ئەو گێڕانەوەیەی ئاڵۆز کردبوو بە مامەڵەکردنی سۆزدارانە لەگەڵ گێریۆن. کارسن، وەک هەمیشە، شتەکان هەنگاوێک زیاتر دەبات و دێوەکە لە چیرۆکێکی هاوچەرخی ئارەزووی سێکسی و دۆزینەوەی هونەریدا دادەڕێژێتەوە.

گێریۆنەکەی ئەو، کوڕێکی سووری باڵدارە. لە کاتی گەورەبوونیدا لە خێزانێکی تووندوتیژ لە دوورگەیەکی نێو زەریای ئەتڵەسی، لە رێگەی فۆتۆگرافییەوە رێگەیەک بۆ دەربڕین دەدۆزێتەوە. گێریۆن عاشقی هێراکلیس دەبێت، گەنجێک کە مامەڵەی سادەی لەگەڵ پەیوەندییەکەیاندا، گێریۆن بە لاوازی و تێکشکاوەیی جێدەهێڵێت.

کاتێک دوای چەندین ساڵ دووبارە یەکدی دەبیننەوە، سەرنجڕاکێشییەکە هەر دەمێنێت، هەروەک چۆن توانای بریندارکردنی دەمێنێت. بەم شێوەیە، ئەو کەرەستە ئەفسانەیی و پاڵەوانێتییەی پشتی پێ دەبەستێت، دەگۆڕدرێ بۆ شتێکی نزیکتر، لەگەڵ ئەنجامگەلێک کە دەبێت گێریۆن فێر بێت لەگەڵیاندا بژی.

"ناکۆکییە بەئازارەکان دووبارە دەبنەوە"

ناکۆکییە بەئازارەکانی حەز و ئارەزوو، خەمێکی دووبارەبووەوەیە لە نووسینەکانی کارسن-دا. ئەمە لە یەکەم کتێبی بڵاوکراوەی (ئیرۆسی تاڵ و شیرین) دیارە.

ئەم کتێبە، کە لەلایەن (کتێبخانەی مۆدێرن)ەوە وەک یەکێک لە 100 باشترین کتێبە ناخەیاڵییەکانی هەموو سەردەمەکان هەڵبژێردراوە، لە ناکۆکیی ئەو ئارەزووە دەکۆڵێتەوە کە چێژ بەرهەم دەهێنێت و لە هەمان کاتدا ئازار دروست دەکات.

لە سەرانسەری بەرهەمەکانی کارسن-دا، دووریی نێوان ئەدەبی کلاسیک و ژیانی هاوچەرخ بە شێوەیەکی بەردەوام و تەواو کەم دەبێتەوە. دەقە کۆنەکان گێڕانەوەی وردی ئەو هەستانە پێشکێش دەکەن کە رەنگە ئێمە، لە یەکەم هەڵچوونی سۆزدا، بە تەنیا هیی خۆمانی بزانین.

کارسن ئەوەشمان بیردەخاتەوە کە ئەم پەیوەندییانەی نێوان ئەدەب و ئەزموونی ژیان، جیهانی کلاسیک تێدەپەڕێنن. سەیری شیعری درێژی (وتاری شووشەیی) بکە لەبارەی خۆشەویستیی یەکلایەنەیە و لەلایەن لیژنەی نۆبڵەوە ئاماژەی پێکراوە. قسەکەری شیعرەکە دوای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەک سەردانی دایکی دەکات و ئێمیلی برۆنتی لە شێوەی کتێبێکدا لەگەڵ خۆی دەبات. خوێندنەوە بەشێکە لە هەوڵی ئەو بۆ تێگەیشتن لەوەی چی روویداوە.

پەیوەندیی نێوان فێربوون و لەدەستدان بە تایبەتی لە (نۆکس) (2010) کە شیوەنگێڕییە سەرسوڕهێنەرەکەی کارسنە بۆ برا دوورکەوتووەکەی، کە لە ساڵی 2000 کۆچی دوایی کرد، زۆر دیار دەبێت.

لەنێو ئەم بەرهەمەدا، مامەڵەکردنی کارسن هەیە لەگەڵ شیعری (کاتولوس) کە شیوەن بۆ براکەی خۆی دەگێڕێ. (دان کیاسن)ی شاعیر و رەخنەگر روونی دەکاتەوە کە چۆن کتێبەکە تۆمارە سنووردارەکەی ژیانی برای کارسن لەگەڵ فەرهەنگێکی لاتینی-ئینگلیزی تایبەت بە شیوەنگێڕییەکەی شاعیری رۆمانیی کۆن کاتولوسدا بەیەک دەگەیەنێت. کیاسن هەروەها سەرنج بۆ سەختییەک لە ناوەندی (نۆکس) رادەکێشێت: کەرەستە کۆکراوەکان تێگەیشتنێکی روونتر لەو کەسەی شیوەنی بۆ دەگێڕدرێ، بەرهەم ناهێنن.

کارسن لە سەرەتای کتێبەکەدا دان بەمەدا دەنێت: "دەمویست شیوەنگێڕییەکەم پڕ بکەم لە هەموو جۆرە رووناکییەک. بەڵام مردن وامان لێدەکات رژد بین. پێمان وایە هیچ شتێکی دیکە نییە بۆ ئەوە تەرخان بکرێ. ئەو مردووە. خۆشەویستی ناتوانێت بیگۆڕێ. وشەکان ناتوانن هیچ شتێکی بۆ زیاد بکەن."

بەڵگەنامە ئەرشیفییەکان دەتوانرێ بپارێزرێن و بپشکنرێن، بەڵام ناتوانن وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە لەوانەیە کارسن لە براکەی بکردایە. شێوازی شتەکە رێگە دەدات بەڵگە و نادڵنیایی شانبەشانی یەکدی دابنیشین و هانی بیرکردنەوەی زیاتر دەدات لای خوێنەر.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە