شارەوانیی هەولێر: توالێتی گشتی بە پارە لەناو بازاڕی هەولێر دروست دەكەین

1     کاتژمێر پێش ئێستا  229 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر تاوتوێی دروستكردنی چەند توالێتێکی گشتی لەناو بازاڕی هەولێر دەكات و دەرخستەش ئامادە كراوە، هەفتەی داهاتوو لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانی بڕیاری لەسەر دەدرێت.

كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بە میدیاکانی ڕایگەیاند، لە هەردوو بازاڕی سەنتەری شار و شەقامی ئیسكان كە دوو جەنجاڵترین شوێنی شارن، توالێتی گشتی دروست دەكرێن كە بڕیاردراوە بەشێوەی تەندەرینگ بدرێتە كەرتی تایبەت، بەڵام هەر لەژێر سەرپەرشتیی حكومەتدا بێت و كارمەندانی پاككەرەوەی سەر بە شارەوانی لێ دادەنرێت.

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بابەتە ئێستا لە ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر دیراسەت دەكرێت و دەرخستەی پێویست ئامادە كراوە؛ هەفتەی داهاتووش ئەو بابەتە لە ئەنجوومەنی شارەوانی بڕیاری لەسەر دەدرێت.

لە بارەی ئەو بڕە پارەیەی كە بەرامبەر بەكارهێنانی توالێت لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر وتی، نرخەكەی بڕە پارەیەكی ڕەمزی دەبێت كە هەر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانی دیاری دەكرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە