محەمەد حەکیم: هیچ شتێك لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم كۆ ناكاتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان دەڵێت، هیچ لایەنێک داوای كورسییەكانی ئێمەی نەكردووە، لایەنەكان بەو ئەندازە خوێندنەوەی سیاسییان هەیە بزانن لە كام دەرگا بدەن دەرگایان لێ دەكرێتەوە یاخود نا.
محەممەد حەكیم، وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایگەیاند "بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتووە، باس لە كۆبوونەوەی لووتكەی پارتی و یەكێتی كراوە؛ بەڵام پارتی لە بنەڕەتدا لەگەڵ كۆبوونەوەیەک نییە ئەگەر ئەنجامەکەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی کوردستان نەبێت، یەكێتیش كۆبوونەوەی لووتكەی پەیوەست كردووە بە دۆسیەی پێكهێنانی حكومەت و پێداگرە لەوەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەت بە یەک پاكێج بێت."
محەمەد حەکیم وتیشی کۆمەڵی دادگەری بە باشی دەزانێت پارتی و یەکێتی پێكبێن و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەكە سازش بۆ یەكتر بكەن، لەپێناو پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.
وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەبارەی هەوڵی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی لەپێناو زیادكردنی كورسییەكانیان، دەڵێت، هیچ كەس داوای كورسییەكانی كۆمەڵی دادگەری نەكردووە، لایەنەكان بەو ئەندازەیە خوێندنەوەیان بۆ دۆخی سیاسیی كوردستان هەیە كە دەزانن لە كام دەرگا بدەن دەرگایان لێ دەكرێتەوە یاخود نا.
لەبارەی ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی كوردستانیش، محەمەد حەکیم ئاماژەی بەوەكرد، هیچ شتێك لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن كۆ ناكاتەوە و هیچ جۆرە هاوهەڵوێستییەك لەنێوانیاندا نابینم، پێویست بوو لایەنە ناڕەزاییەكانی دیكەش لە پرسی بایكۆتكردنی پەرلەمان، هەمان هەڵوێستی كۆمەڵی دادگەرییان هەبێت.
|