خانەنشینیی عێراق گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی ئاشکرا دەکات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  47 جار خوێنراوەتەوە

دەستەی خانەنشینیی نیشتمانیی عێراق گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی لە لیستی شەهیدان و بریندارانی تیرۆر ئاشکرا دەکات و مووچەی نایاسایی زیاتر لە 34 هەزار کەس دەبڕێت، بەم هەنگاوەش بڕی زیاتر لە یەک تریلیۆن و 37 ملیار دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە.

ئەم پرۆسەیە بە هەماهەنگیی دەزگای شەهیدان، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەزگا ئەمنییەکان و وەزارەتی تەندروستی ئەنجامدراوە و لە ئەنجامی وردبینییەکاندا دەرکەوتووە کە 34 هەزار و 500 مامەڵەی خانەنشینی کێشەی یاساییان هەبووە، بەشێکیان ساختەکارییان تێداکراوە، بەشێکیان ڕێژەی پەککەوتەیی پزیشکییان بە نایاسایی بۆ بەرزکراوەتەوە، و بەشێکی دیکەشیان بەهۆی تێوەگلان لە کارە تیرۆریستییەکانەوە ڕێگریی ئەمنییان لەسەر بووە.

ماهیر حوسێن ڕەشید، سەرۆکی دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەم مووچانەی بڕدراون، بە نایاسایی و لەسەر حیسابی شایستەی کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی ڕاستەقینە وەرگیرابوون.

تەنیا لە ڕێگەی بڕینی ئەم مووچە نایاساییانەوە، توانراوە یەک تریلیۆن و 37 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنرێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا گومان و دەنگۆیەکی زۆر لەسەر هەبوونی ناوی وەهمی و مامەڵەی ساختە لە لیستی خانەنشینیی قوربانیانی تیرۆردا هەبوو. لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت دەکەنەوە کە پرۆسەی وردبینی بەردەوام دەبێت، تا دڵنیایی بدرێت کە تەنیا شایستە ڕاستەقینەکان لە هاوکاری و مووچەکانی دەوڵەت سوودمەند دەبن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە