فالح ساری: لە کاتی خۆیدا پڕۆژەیاسای بودجە بۆ حکومەت دەنێرین
1 کاتژمێر پێش ئێستا
28 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار و نوێنەری پارێزگاکانی دیوانییە و سەلاحەدین کۆبووەوە، بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027.
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە بەشدار بووە لە کۆبوونەوەکەدا، بە میدیاکانی راگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ستراتیژی بودجەی گشتی کرا".
فالح ساری رایگەیاندووە، لیژنە و تیمەکان کار لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی دەکەن و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێ.
بۆ یەکەمجار لە عێراق، شێوازی بودجەی بەرنامە و ئەنجام پەیڕەو دەکرێ کە خەرجییەکان بەگوێرەی سێکتەر جیا دەکاتەوە، نەوەک وەزارەتەکان. هەر سێکتەرێک خەرجی بۆ تەرخان دەکرێ و وابەستەی ئەنجامەکانی دەکرێ، کە دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێ.
ئەو شێوازە نوێیەی بودجە کە بڕیارە لە کۆتایی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ رەوانەی پەرلەمان بکرێ، وەک قۆناغی یەکەم لە دوو وەزارەت و دوو پارێزگای عێراق جێبەجێ دەکرێ.
|